9/6/2013 12:00:00 AM
کۆمێنتارێکە لەسەر بەرنامەکەی ڕەنج سەنگاوی، ١١-٨-٢٠١٣ لە کەناڵی
ڕووداو، بە ئامادە بوونی فوئاد مەجید میسری و نوێنەرانی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی
(دکتۆر شێرکۆ)، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری (خەسرەو سایە)، حیزبی شیوعی کوردستانی (زیرەک).
دانراوەکانی مارکس و مارکسیستەکان:
لە سەردەمی لە دایکبوونی مارکسیزمی ڕووسیدا، هێشتا کتێبەکانی مارکس
لە چاپ نەدرا بوون. کتێبی (ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی)، (گرۆندریسە)، (سەرمایە، کتێبی
سێهەم) کە گرنگترین و دواین بەشی لێکۆڵینەوەکانی مارکس، بە چڕی و خەستی،
کۆدەکاتەوە، وە زۆری تریش لە دانراوەکانی مارکس، هەتا سەدەی بیستیش چاپ و پەخش
نەکراون و کەسیش لە مارکسیستەکان ئەو دانراوانەیان نەبینیوە کە تێزەکانی مارکسن و
سەربەخۆن لە نووسینەکانی ئینگڵس، وە کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک
کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی
دۆهرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە هەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە
نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس (٦).
ئەوە سەرچاوەی مارکسیستەکانی ڕووسە؛ ئەو سەرچاوەیەی لە ساڵەکانی
دوایی تەمەنی ئینگڵسدا، دەکەوێتە بەر ڕەخنەی ئینگڵس خۆی (بڕوانە پێشەکی کتێبی:
ئەنتی دۆهرنگ). سەرچاوەی بیرو بۆچوونەکانی ئینگڵسیش ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیە. دایکی
هەموو تەوژمە مارکسیستەکانی قوتابخانەی ڕووسیی مارکسیزمیش، بلیخانۆفە نەک مارکس،
ئیتر هەر لە لینینیزمەوە تا بە ترۆتسکیزم و ستالینیزم دەگات، ئەمە سەرباری
جیاوازیی لە تاکتیکە سیاسیەکانی ئەو
تەوژمانەدا. ئەوان تێکڕا بە مێتودی لۆژیکی دیالەکتیکی یۆنانی لە جیهان دەدوێن،
بۆیە بەلای ئەوانەوە، تێگەیشتن لە مارکس زەحمەتە، بە بێ تێگەیشتنی پێشوەخت لە
مەسیحیەتەکەی هیگڵ.
مارکس و دەوڵەتی سۆڤێتی:
لکاندنی ناوی مارکس بە دەوڵەتی سۆڤێتیەوە، هەروەک لکاندنی ناوی
مەسیحە بە کۆمۆنەوە. وە بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە کە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن
مرۆڤەوە، ئەزەلی دەبینن، کۆمۆنە نیشانیدا، گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بێ چەوساندنەوە،
حەتمیەتی مێژوو خۆیەتی. سەرەتای ئەو کۆمەڵگایەیش، لە هەرەسی هەرەمی کۆمەڵگاو
داگرتنی ئیدارەوە دەستپێدەکات بۆ ئاستی بەرهەمهێنەران خۆیان، ئەمەیش بەڕێگای
ڕێکخستنی بەرهەمهێنان لە هەرەوەزکاریە سۆشیالیستیەکاندا. ئەو ڕێکخستنە پێشنیاری
مێژوو بوو نەک وەسفەی مارکس، وە وەک کۆمۆنە نیشاندا، پێویستی بەو سەدان ساڵەیش نیە
کە دەوڵەتی سۆڤێتی، پرۆلیتاریای جیهانیی لە چاوەڕوانیاندا دەژیان. ناکۆکی نێوان
شێوازی سەرمایەداری و شێوازی سۆشیالیستییش لە بەرهەمهێناندا، ئەوەیە لە یەکەمیاندا
ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکاربردن، ملکەچی هێزێکی سیاسی سەروەرە بەسەر
کۆمەڵگاداو لە دووهەمیاندا، بە تەعبیری مارکس، ملکەچی ئیدارەی زاتی بەرهەمهێنەران
خۆیانە.
بە پێی بۆچوونی مارکس؛ شۆڕشی پرۆلیتاریا خۆی بوو نەک تیۆریستێک یان
ئایدیۆلۆژیستێک، کە شێوەیەکی سیاسی گونجاوی دۆزیەوە؛ بەهۆیەوە ئازادییە
کۆمەڵایەتیەکان دەبنە واقیع، ئەو شێوە گونجاوە کۆمۆنە بوو. یەکەم بەرنامەی
کۆمەڵایەتی کۆمۆنەیش بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا، گواستنەوەی فابریکەکان بوو بۆ ژێر
دەستی هەرەوەزکاریە سۆشیالیستیەکان.
ئا ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتیە، لە شوباتی ١٩١٧ دا، لە شۆڕشی سۆڤیەتەکانی ڕووسیایشدا، بە ئاستێکی نزم
دووبارە دەبێتەوەو کرێکاران و جووتیاران، کەرەسەکانی بەرهەمهێنان، لە زەوی و
پیشەسازی، دەخەنە ژێر دەستی خۆیان و هەرەوەزکاریە بەرهەمهێنەرەکان و هەرەوەزکاریە
ئیستیهلاکیەکان دادەمەزرێنن.
ئەو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیە نوێیە، لە دەوڵەتی سۆڤێتیەوە
هەڵدەوەشێنرێتەوەو دەسەڵاتێکی ئاسمانی و فۆرمێک لە سیستمی کاری تایلۆریی دەخرێتە
جێگای. بۆیە لە هەر پێداچوونەوەیەکی مێژووییدا، بە بەراووردێکی سادە لە نێوان
کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا، بە ئاسانی ئەوە دەبینین: کۆمۆنە لە بناغەوە کۆمەڵگای
هەڵدەگێڕایەوە، دەوڵەتی سۆڤێتی ڕایدەگەیاند، بە گردکردنەوەی سەرمایە لە دەستی
دەوڵەتدا، بنکەی ماددی سۆشیالیزم، دادەمەزرێنن، ئەوەیش لە دواییدا هیج نەبوو،
سەرمایەداریی دەوڵەتی نەبێت کە ئۆرۆستۆکراسیە سیاسیەکانی سەر تەختی عەرش،
لەسایەیدا، هەروەک بەعسیەکانی عیراق و سوریا، دەبوونە خاوەنی دەسەڵات و
ئیمتیازاتێکی بێسنوور. وە ئیتر لە چاوەڕوانیەکی سەد ساڵەدا، سەردەمێکی درێژ لە
مێژوو، بەناوی (ماوەی گواستنەوە) وە بەرەو سۆشیالیزم، برەو بە هەموو ئەو ڕەگەزە
ئابووریانە دەدرێت، سیستمی سەرمایەداریی لەسەر وەستاوە. دوای حەفتا ساڵیش لەو
چاوەڕوانیە، بە پرۆلیتاریای جیهانیان ڕاگەیاند: سۆشیالیزم هیچ نەبوو خەونێک نەبێت!
کورتکردنەوە
بە پێچەوانەی دەسەڵاتە ئاسمانیەکەی دەوڵەتی سۆڤێتیەوە، کۆمۆنە
ڕایگەیاند بەبێ داگرتنی سیاسیەکان بۆ سەر زەوی و داماڵینیان لە هەموو دەسەڵاتێک،
کۆمەڵگا ناتوانێت هیچ دەستکاریەکی ئەو پەیوەندیە ئابووریانە بکات، مرۆڤ لە
سایەیدا، سەلبی هەموو ئازادیەکانی دەکرێت. ئەو دەستکاری کردنەیش چ پەیوەنیەکی بەم
ووتەی مارکس دەربارەی کۆمۆنەو ئەو ووتەی لینینەوە نیە دەربارەی دەوڵەتی سۆڤێتی،
بەڵکو پەیوەندی بە ژیانی پرۆلیتاریەکان خۆیان و بە خودی کۆمۆنە خۆیەوەیەتی وەک
بزووتنەوەیەکی مێژوویی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەی دواین ئامانج لە خەباتی، لەناوبردنی
سەروەرێتی مرۆڤە بەسەر مرۆڤدا. هەموو توانایەکیش بۆ تێپەڕکردنی ئەم کۆمەڵگایە، لە
خودی سیستمی سەرمایەداری خۆیدا دەبینین کە زەمینەی کۆمەڵگایەکی نوێی بۆ مرۆڤایەتی
ئامادە کردووە، ئەمەیش بە هیچ جۆرێک لە سەرمایەداریی دەوڵەتیەوە -موڵکدارێتی
دەوڵەت- دەستپێناکات بەو واتایەی گوایە ئەمە زەمینە خۆشکردنە بۆ سۆشیالیزم.
سۆشیالیزم، بە واتای مارکس، لەناو هەناوی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دروست دەبێت.
بەواتا باسکردن لە سۆشیالیزم؛ بۆ خۆی خەونێکە، ئەگەر پێشوەخت، سەرمایەداریی پێشینە
مێژووییەکەیی ئامادە نەکردبێت. مارکسیستەکانی ڕووس دەڵێن پرۆلیتاریا خۆی دەبێت ئەو
زەمینەیە ساز بکات لە ڕووسیادا. بەلای مارکسیشەوە پرۆلیتاریەکان لە بووندا نین
ئەگەر پێشوەخت ئەو زەمینە مێژووییە ئامادە نەبوو بێت. سیستمی سەرمایەداریی، لە
پێکهاتە ئابووری و ئیداریەکەی خۆیدا، بەبێ ئاگاداری خۆی، بناغەی سەرهەڵدانی ئەو
سیستمە ئابووریە نوێیە ئامادە دەکات. وە ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە، زۆر بە زوویی
دەرکی ئەوە دەکەین، ڕوسیای قەیسەری، نەک لە ١٩١٧ دا، بەڵکو تەنانەت لە ١٩٠٥
یشدا، شۆڕشێکی شیوە کۆمۆنی ڕاگەیاند (٧). ئەو شۆڕشە لە ١٩١٧ دا، سنووری ڕووسیا
جێدێڵێت و دەبێتە شۆڕشێکی جیهانی و هەموو ووڵاتانی ئەڵمانیاو هەنگاریا و ئیتالیا
دەگرێتەوەو تا ساڵی ١٩٢٣ درێژە دەکێشێت.
دابڕینی شۆڕشی ڕووسی لە پارچەکانی تری و دەستخستنەناو دەستی
ئەڵمانەوە لە لایەن بەلشەفیستەکانەوە بە ناوی پرۆلیتاریاوە، ئەو یەکێتیە
پرۆلیتاریە تێکوپێک دەشکێنێت کە بەبێ بریارێکی سیاسی، بزووتنەوەی پرۆلیتاریای
کردبووە بزووتنەوەیەکی ئینترناسیۆنالیستی. بەلشەفیستەکان بە هەڵوەشاندنەوەی
سۆڤیەتە کرێکاریەکان و هێرشێکی دڕندانە بۆ سەر کرێکارانی کرۆنشتاد لە سنووری
فینلەندەو ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی ئاسمانی بەناوی دەوڵەتی سۆشیالیستیەوەو بانگەشە بۆ
دامەزراندنی دەوڵەتی سۆشیالیستی هەمەچەشنە کە گوایە بگونجێت لەگەڵ باری تایبەتی
ووڵاتانداو دەستکردن بە دامەزراندنی فۆرمێکی دەوڵەتی لە سەرمایەداری لە ڕوسیادا
بەوناوەوە کە گوایە هێشتا ئەرکەکانی شۆڕشی برجوازی تەواو نەبووەو لەسەر
پرۆلیتاریەکانە ئەو ئەرکەیش بگرنە ئەستۆی خۆیان، توانیان شێوانشێوێک لە بزووتنەوەی
پرۆلیتاریدا دروست بکەن پڕ بەو شێوانشێوەی، مارکسیزمەکەی بلیخانۆف لەو
بزووتنەوەیەدا بڵاوی کردبۆوە. وە بە پێچەوانەی کۆمۆنەوە کە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی
لە ئایدیۆلۆژیاو دین دوورخستەوە، دەوڵەتی سۆڤێتی، مەزهەبێکی نوێی کردە
ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی دەوڵەت و بە جیهانیشی ڕاگەیاند گوایە هەموو شتێک حیزبیە، ئەمە
بە ئەدەب و هونەریشەوە، وە دەبێت تەواوی کۆمەڵگا ملکەچی دەسەڵاتی حیزب و دەسەڵاتی
فەردیی سیاسیەکان بێت. لینین لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەدا کە لە بۆخارینەوە ئاراستەی
دەکرێت، دەپرسێت: "ئایا دامەزراندنی ئەفرادی دکتاتۆری و دەسەڵاتی بێسنووریان،
بە گشتی لەگەڵ پرنسیپە سەرەکیەکانی حکومەتی سۆڤێتیدا دەگونجێت؟".
لینین بە ڕاشکاوانە وەڵامدەداتەوەو دەڵێت: ئەوە برجوازیە بچووکەکانن
بەخشینی ئەو دەسەڵاتە دکتاتۆریە شەخسیە، بە دەرچوون دادەنێن لە پرنسیپی جەماعیەت.
لە مێژووی بزووتنەوە شۆڕشگێریەکاندا، زۆرجار دکتاتۆریەتی فەردی، دەربڕی
دکتاتۆریەتی چینە شۆڕشگێرەکان بووە (٨).
ئەو دکتاتۆریەتە شەخسیە، میژوویەکی حەفتا ساڵە بە ناوی پرۆلیتاریاوە
پڕ دەکاتەوە، دەسەڵاتێکی ئیمپراتۆری بێوێنەو بێسنوور دەسەپێنێت، ملیۆنان لە
پرۆلیتاریەکان، لە سایەیدا، لە سەردەمی لینین و ستالیندا، دەکەونە سەختترین
سەردەمەوە لە مێژووی جیهان و بە ملیۆنانیان لێدەمرێت لە برسا. لە جەنگی جیهانی
دووهەمدا؛ بە ناوی پرۆلیتاریاوە، لایەکی جیهان لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکی و
ئەوروپیە سەرمایەدارەکانیدا، دابەش دەکات، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس بەکوشت دەدات
بەناوی جەنگ دژی فاشیزم و گوایە لە پێناوی پاراستنی ئاشتی جیهانیدا، وە ئیتر
پرۆلیتاریا دەبێتە هێمای سەرکوتکردن، شەڕو کوشتار، دکتاتۆریەتی بێسنوور، خنکێنەری
ئازادی. سەرمایەدارییش وەک هێمای ئازادی و دوژمنی سەرسەختی پرۆلیتاریایەکی
دکتاتۆرو ئایینە مارکسیستە بۆدروستکراوەکەی، دەناسێنرێت.
لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی سۆڤێتیشدا، ئایدیۆلۆژیستە
برجوازیەکان، سەرلەنوێ دەکەونەوە قیژەقیژ بەگوێماندا: بینیتان سەرمایەداری سەرکەوت
و سەلماندی سیستمێکی هەمیشە نەگۆڕە؟
ئەم زوڕنایەی ئایدیۆلۆژیستە برجوازیەکان زۆر درێژە ناکێشێت. لەگەڵ
هەرەسی دەوڵەتی سۆڤێتیدا، مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت لە نیوەی جیهاندا،
هەرەس دێنێت. فەلسەفەی ئەخلاق ڕایدەگەیەنێت ئەخلاقی سەرمایەداری سەرکەوت بەسەر
ئەخلاقی سۆشیالیستیدا. تێزەکەی ئابووری سیاسی دووپات دەبێتەوە: سەرمایەداری کۆتایی
مێژووەو مرۆڤی کۆمەڵگای سەرمایەدارییش، دواین مرۆڤی سەرزەویە.
تەنها یەک دەیە دوای هەرەسی ئیمپراتۆریەتی سۆڤێتی، سەرمایەداری
سەرلەنوێ، دەکەوێتەوە ناو تەنگوچەڵەمە ئابووریەکانیەوە لەسەر ئاستی هەموو جیهان.
سەرلەنوی جیهان بەخۆیدا دێتەوەو دەکەوێتەوە پرسیار لە داهاتووی مرۆڤایەتی. هەمان
پرسیاری ڕابووردوو سەردەردێنێتەوە: ئایا سەرمایەداری سیستمێکی هەمیشەیی و نەمرە؟
ئەمەیش جارێکی تر دەمانخاتەوە پرسیار لەسەر پرنسیپەکانی کۆمۆنەو تێزەکانی مارکسیش
دەربارەی یاسا ئابووریەکان کە ئایا ئەو یاسایانە بە کردەوە لە گۆڕاندان. خودی سەرمایەدارییش
خۆی، لە ناکۆکیەکانیدا کە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، ڕایدەگەیەنێت:
سەرمایەداری ناتوانێت ئیدارەی کۆمەڵگا بکات، بە سەپاندنی دەسەڵاتی
پۆلیسیانەو زەبروزەنگی بەردەوام نەبێت، وە مرۆڤیش ئاشنایەتی بە واقیعی مرۆڤ و
مرۆڤایەتی پەیدا ناکات، تا جیهانی ئیغتراب تێپەڕ نەکات، ئەو جیهانەی سەلبی هەموو
ئازادیەکی مرۆڤ دەکات و هەموو ئەو ڕەگەزە ئینسانیانەی کۆمەڵگا لێکدەترازێنێت کە لە
سەرەتاوە، بە شێوەیەکی سروشتی، ژیانێکی کۆمۆنی دەسەپێنن. مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت
هەڵسوکەوتێکی ئازادانە بکات، تا لە سیستمی سەروەرێتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا، ڕزگاری
نەبێت، تا نەگەڕێتەوە ناو ژیانە کۆمۆنیەکەی، ئەمەیش کاری هەموو تاکێکە لە تاکەکانی
کۆمەڵ نەک چەند سیاسیەکی بڵحی مشەخۆر کە بەسەر شانی کۆمەڵگاوە دەژین و هیچ
بەشداریەکیش لە بەرهەمهێنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگادا ناکەن.
ئەوەی کۆمۆنە ئەنجامیدا، دوورخستنەوەی ئەو جانەوەرە سیاسیانە بوو لە
کۆمەڵگاو دابین کردنی ئەو ئازادیە شەخسیە بوو کە بریاردان لە چارەنووسی تاکە
کۆمەڵایەتیەکاندا، دەگێڕێتەوە بۆ ئەوان خۆیان، ئەمە بە پێچەوانەی ژیانی
پەرلەمانیەوە، کە هەر چوار ساڵ جارێک، جەند دەموچاوێک دەگۆڕێت بە چەند دەموچاوێکی
لەوان ئێسک گرانترو ئیتر هەموو شتێک، هەروەک ڕابووردوو، لە جێی خۆی دەمێنێتەوە.
کۆمۆنە نە تەرزێک بوو لە دەوڵەتی سۆڤێتی و نە تەرزێکیش لە پەرلەمانە
دیموکراسیەکان. ناکۆکیەکانی مارکسیش لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی کە هەمان سیستمی
چەوساندنەوەی مرۆڤە لە لایەن مرۆڤەوە، هەمان ناکۆکیە لەگەڵ دەوڵەتی سۆڤێتی. وە
بەپێچەوانەی لایەنگرانی ئەو دوو فۆرمە سیاسیەوە لە سیستمی سەرمایەداری، مارکس
بەرەبەیانی شۆڕشی پرۆلیتاری بەم جۆرە وەسفدەکات و دەڵێت:
لە بەرەبەیانی هەژدەی ئازاردا پاریس لە خەو ڕادەپەڕێت و وەک شریخەی
هەورە بروسکە هاوار دەکات: بژی کۆمۆنە!
(٦) مارکس و
المارکسیة، محمد المثلوثی
(٧) دەربارەی شۆڕشی
برجوازی و شۆڕشی پرۆلیتاری ڕووسی، بڕوانە:
(٨) سەرچاوە:
Written:
Completed on 21 April, 1921
Source: Lenin’s Collected Works, 1st English Edition, Progress Publishers, Moscow, 1965, Volume 32, pages 329-365
http://www.marxists.org/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm
Source: Lenin’s Collected Works, 1st English Edition, Progress Publishers, Moscow, 1965, Volume 32, pages 329-365
http://www.marxists.org/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق