8/26/2013
12:00:00 AM
کۆمێنتارێکە لەسەر بەرنامەکەی ڕەنج
سەنگاوی، ١١-٨-٢٠١٣ لە کەناڵی ڕووداو، بە ئامادە بوونی فوئاد مەجید میسری و
نوێنەرانی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی (دکتۆر شێرکۆ)، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
(خەسرەو سایە)، حیزبی شیوعی کوردستانی (زیرەک)
پێشەکیەکی مێژوویی:
ئەگەر لە مارکسەوە دەستپێبکەین نەک
لە مارکسیزمەوە، ئەوا دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو مێژووەی؛ سەردەمی مارکس لە سەردەمی
هیگڵی ئەڵمانی و ریکاردۆی ئینگلیزی جیا دەکاتەوە. یەکەمیان سەرچاوەی مێژوو
دەگێڕێتەوە بۆ ئاسمان و دووهەمیشیان لەوێدا دەوەستێت کە گوایە سەرمایەداری، دواین
وێستگەی گەشەی مرۆڤایەتیە.
بەلای هیگڵەوە، فەلسەفە لەو
عەقڵەمان دەگەیەنێت کە زاڵە لەسەر جیهان، لەسەر مێژوو. لەسەر بناغەی ئەم بۆچوونە،
هیگڵ لە ئاسماندا دەگەڕێت بۆ سەرچاوەی ناکۆکیەکانی سەر زەوی.
بەپێچەوانەوە، لەلای مارکس، مێژوو
هیچ نیە مێژووی گەشەی پیشەسازی نەبێت، هەر بەو مانایە چەرخی بەردین، چەرخی برۆنزو
ئاسن نیە، ئەمە هەروەک چۆن ئەو چەرخانەیش هیچیان لە چەرخی پیشەسازیی چەکی ڕاوو
مایکرۆسکۆب و فڕۆکەوانی و چەکی ئەتۆمی ناچن (١).
دەبا ئێستا لە ناکۆکیەکانی مارکس و
هیگڵ و مارکس ریکاردۆوە، بە باسەکەماندا ڕۆبچین.
مارکس و هیگڵ:
هیگڵ بە لێکدانەوەیەکی عەقڵانی،
واتە فەلسەفی، لەودیو سروشتەوە، بە هەمان مێتودی لۆژیکی یۆنانی، دەکەوێتە پشکنینی
جیهان. مارکس بە لێکدانەوەو مێتودی تاقیگەیی ئینگلیزەکان و فەرەنسیەکان، دەکەوێتە
گەڕان بە پێکهاتە مێژووییەکانی ئابووری جیهانداو مەعریفەیەکی مێژوویی نەک فەلسەفی،
لەو گەڕانە وەدەستدەخات. وە لەسەر بناغەی ئەو لێکدانەوە دونیاییە، ڕەخنەکانی مارکس
لە فەلسەفە مەسیحیەکەی هیگل، لەوێوە دەستپێدەکات کە دەبێت بەر لە هەرچی،
ناکۆکیەکان لە ئاسمانەوە داگرینە سەر زەوی، دەبێت لەسەر زەوی و لە پەیوەندییە
ئابووری و کۆمەڵایەتیەکاندا، بۆ سەرچاوەی ئەو ناکۆکیانە بگەڕێین.
ئەم ڕەخنەیە لە هیگڵ، لەو دەمەوە
دەستپێدەکات کە کۆمەڵگای سەرمایەداری دەکەوێتە بەر ڕەخنەی مێژووناسەکان و
ئابووریناسەکان. وە هەتا ئەو ڕەخنەیە نەبووە واقیع، تێڕوانینی ماتریالیستانە بۆ
مێژوو، جێگای تێڕامانە فەلسەفیەکانی نەگرتەوە. ئەمەیش ئەکەوێتە ئەو سەردەمەوە کە
سەرمایەداری، لە بالغ بوونیدا، دەردە کۆمەڵایەتیە بێچارەکانی ڕادەگەیەنێت. وە ئیتر
لەو دەمە بەدواوە، مێژوو ماتریالی کامڵبوونی لێکدانەوە ماتریالیستیەکان، دەخاتە
بەردەست، ئەمەیش سەردەمێکە، دەکەوێتە دوای سەردەمی ریکاردۆ، ڕاستتر دوای سەردەمی
ئابووری سیاسی.
مارکس و ریکاردۆ:
سەردەمی دەیڤید ریکاردۆ
(١٧٧٢-١٨٢٣)، سەردەمی گەشەی زانستی ئابووری سیاسیە، سەردەمی لیدوانە لە یاسای
بەها، بەهای بەکارهێنان، بەهای ئاڵوگۆڕ، بازاڕ، نرخ، کرێیکار، خستنەڕوو داخوازی..
هتد. ئەمەیش هاوکاتە لەگەڵ سەردەمێکدا کە کۆمەڵگای سەرمایەداریی تێدا بنجبەست
دەبێت بەواتای سیستمێکی جیهانی.
بە پێچەوانەوە، سەردەمی کارل مارکس
(١٨١٨-١٨٨٣)، سەردەمێکە، سیستمی سەرمایەداری قۆناغی مناڵی تێدا جێدێڵێت و دەکەوێتە
ناو نۆبە دەوریەکانیەوە، واتە تەنگوچەڵەمە ئابووریەکان. بۆیە مارکس لە کتێبی
سەرمایەدا، واقیعیانە ڕایدەگەیەنێت، ئەو لە دووی یاسای بزوێنەری کۆمەڵگای
سەرمایەداری دەگەڕێت نەک دۆزینەوەی تێوریەک یان داڕشتنی ئایدیۆلۆژیایەک بۆ گۆڕینی
کۆمەڵگا. ئەو دەڵێت:
"مەبەستی
سەرەکی ئەم کتێبەم دۆزینەوەی یاسای ئابووریی بزووتنەوەی کۆمەڵگای نوێیە"
(سەرمایە، وەرگێڕانی بۆ زمانی سویدی: ئیڤان بومان).
مارکس لە
سەرمایەدا هەوڵدەدات ئەو یاسا کۆمەڵایەتیە بناسێنێت کە گەشەو بزوەو گۆڕانکاریە
ئابووریەکان بەسەر مێژوودا دەسەپێنێت. ئەو ڕایدەگەیەنێت: لە مێژووی مرۆڤایەتیدا،
یاسای هەمیشەیی و نەگۆڕ نیە. هەڵەی ئابووریناسەکانیش ئەوەیە یاسا ئابووریەکان بە
یاسا سروشتیەکان، یاسا فیزیاوی و کیمیاویەکان، دەچوێنن. بۆیە یاسا ئابووریەکانی
کۆمەڵگای سەرمایەداری، نەگۆڕو هەمیشەیی دەبینن، بەڵکو سەرمایەداری بە کۆتایی مێژوو
دەزانن.
ئەو
کاتەی سایکڵە ئابووریەکان دەکەونە سستبوون – تەنگوچەڵەمە – گەشانەوە، وە ئەو نۆبە
دەوریانەیش بە واتای مارکس، لەو سەردەمەدا، هەر ١٠ ساڵ جارێک دووبارە دەبنەوە،
ئیتر ئەو کاتە، تێگەیشتن لە یاسای ئابووری بزووتنەوەی کۆمەڵگای سەرمایەداری،
دەبێتە تێگەیشتن لەو یاسایانەی لەگەشەیاندا، دەردێکی کۆمەڵایەتی دادەخەن کە ناو
بەناو، بە زیادبوونێکی بێئەندازەی بێکاری و هەژاری و برسێتی و شەڕوپێکدادان کۆتایی
دێت. بۆیە بەپێچەوانەی ریکاردۆوە، مارکس لە یاسای بەهاو یاسای زیادەی بەهاوە
دەستپێناکات کە دەربڕی سەردەمی ریکاردۆن، بەڵکو لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی
گەشەی ئەو یاسایانەوە دەستپێدەکات کە هەمیشە کۆمەڵگا دەخەنە تەنگوچەڵەمەیەکی
ئابووریەوە.
لە ساڵی
١٨٢٠ وە تا ١٨٣٠، سەرمایەداریی جیهانی پێدەنێتە سەردەمی زێدەی بەرهەمهێنان و
لەویشەوە یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ئابووری جیهانی. یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ئابووری
ئینگلیزی لە ١٨٢٥ داو یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ئابووری فەرەنسییش لە ١٨٣٠ دا، یەکەم
ماتریالی تێگەیشتن لە هۆکارەکانی تەنگوچەڵەمە ئابووریەکان ئاشکرا دەکات کە لە
بناغەدا زێدەی بەرهەمهێنانە. وە ئیتر هەر لەوێوە، ئابووریناسێکی وەک مارکس، لە
لێکۆڵینەوە ئابووریە - مێژووییەکانیدا، تێبینی ئەوە دەکات، تەنگوچەڵەمەکان دەرئەنجامی زۆریی
بەرهەمهێنانن و نەخۆشیەکی زکماکی کۆمەڵگای سەرمایەدارییشن. ڕاستی و دروستی ئەو
لێکۆڵینەوەیە، لەم ساتە وەختەی ژیانی خۆشماندا دەبینین کە دەکەوێتە دوای دوو سەدە
لەو مێژووە.
بەلای ریکاردۆوە خەتای گەورە لە
سەرهەڵدانی تەنگوچەڵەمەکاندا سروشتە، کەمی پێداویستیەکانە، بەلای مارکسەوە
دەرئەنجامی زێدەی بەرهەمهێنانە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هیچ چاودێریەکی
کۆمەڵایەتی بەسەر بەرهەمهێنانەوە نیە، بەڵکو هەریەکە بۆ خۆی و بە ئامانجی
وەدەستهێنانی قازانج لەسەر حیسابی یەکتر، لە سایەی سیستمی ڕکابەریدا، بەرهەم
دەخاتە بازاڕەوەو کەسیش نازانێت کۆمەڵگا چی پێویستەو چەندی پێویستە. وە ئەم حاڵەتە
مرۆڤایەتیەیش هەر بەردەوام دەبێت تا شۆڕشێک لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و
دابەشکردندا ڕوودەدات. ئەو شۆڕشە هیچ ناگەیەنێت جگە لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و
دابەشکردن و بەکاربردن بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی هەموو
تاکێکی کۆمەڵگا. وە تەنها ئەو کاتە تاک لە تەنیایی ڕزگار دەبێت کە کۆمەڵگا دەبێتە
بەرپرسی دابینکردنی پێداویستیەکانی. ئەو جۆرە کۆمەڵگایەیش ناوی هەرچی بێت و لە
سایەی هەر سیستمێکدا وەدی بێت، لاریمان لێی نیە. بەڵام بە واتای ئابووری سیاسی،
هەرگیز سیستمی هاوچەرخ ناتوانێت ئەو حاڵەتە مرۆڤایەتیەی ئەمڕۆ تێپەڕێنێت کە
چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە، سەروەرە تیایدا، ئەمە هەروەک چۆن ئایینە
ئاسمانیەکانیش، هەر لە سەرەتاوە، دانیان ناوە بەبوونی ئەزەلیەتی چەوساندنەوەی
مرۆڤدا لە لایەن مرۆڤەوە.
مارکس و ئایین:
بەلای
ئایینەوە، چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، فەرمانی ئاسمانە بەسەر زەویدا،
بەسەر مێژوودا، بۆیە هەموو دەستتێوەردانێک لە سیستمی چەوساندنەوە، شکاندنی
پیرۆزیەکانی ئاسمانە. بەلای مارکسەوە چەوساندنەوە بەرهەمی موڵکدارێتی تایبەتیە.
ئایین ئەو موڵکدارێتیە پیرۆز دەناسێنێت. بەواتا، هەر داوایەک بۆ لەناوبردنی
موڵکدارێتی تایبەتی و ژیانێکی چوونیەکبوو، وەستانەوەیە لەڕووی پێرۆزیەکانی
ئاسماندا. ئا لێرەیشدا یەکگرتنەوەی تەواوی ئەفلاتوون و ئایینە ئاسمانیەکان و
ریکاردۆ دەبینین کە بەلای یەکەمیانەوە کۆیلایەتی و بەلای دووهەمیانەوە سەرمایەداری
و بەلای سێهەمیشیانەوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە، هەمیشەیی و نەگۆڕن.
بەلای ئێمەیشەوە، لەناوچوونی سیستمی کۆیلایەتی، هەر تەنها تێزەکانی ئەفلاتوون
ناخەنە ژێر پرسیار، بەڵکو تێزەکانی ریکاردۆو ئایینەکانیش رووبەڕووی پرسیارێک
دەکاتەوە: ئایا بە کردەوە، یاسا کۆمەڵایەتیەکان، ئەبەدی و نەگۆڕن؟
بەلای مارکسەوە، ئەو یاسایانە
هەمیشە لە گۆڕاندان و لە مێژوویشدا وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەگیر دەکەوێت دینەمۆی
ئەو گۆڕانکاریانە، گەشەی بەردەوامی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانین و لەوانیشەوە
ئەو ناکۆکیە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەن، شۆڕشە مەزنەکان بەدوای خۆیاندا بەکێش
دەکەن. وە هەر لەو بۆچوونەیشەوە، بەلای مارکسەوە، شۆڕش نەک ڕەخنە، دینەمۆی مێژووە.
بەواتا، فیکرو ئەخلاق نین کۆمەڵگا دەگۆڕن، داماڵینی بیرە شەیتانیەکان نین لە سەری
خەڵکی کۆمەڵگا پێشدەخەن، سەرکەوتنی هێزی خێر نیە بەسەر هێزی شەڕدا، کۆمەڵگایەکی
نوێ دەخاتە جیگای کۆمەڵگای کۆن. هەر لەو دیدگایەیشەوە، شەڕی کۆمەڵایەتی، شەڕ نیە
لەگەڵ دین و خوا پەرستی کە خۆی لە خۆیدا، پەیوەندیەکی روحی تاک نیشان دەدات لەگەڵ ئاسمان، بەڵکو شەڕی هێزە
کۆمەڵایەتیەکانە لەسەر جۆری موڵکدارێتی. شۆڕش شێوەی موڵکدارێتی دەگۆڕێت، ئەمەیش بە
ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی بەهەمهێنان و دابەشکردنەوەی سامانی کۆمەڵایەتی. مارکس باس لەو شۆڕشە دەکات جۆری
بەرهەمهێنان و ئیدارە، لە بەرژەوەندی هەموو کۆمەڵگا دەگۆڕێت، ئەو گۆڕانکارییەش لە
ژیانێکی کۆمۆنیدا بەدی دەکات کە بۆ یەکەمینجار لە مێژوودا، لە شۆڕشی کۆمۆنەوە
ڕادەگەیەنرێت.
مارکس و کۆمۆنە:
بەلای مارکسەوە، ژیانێکی کۆمۆنی،
کە تروسکاییەکەی لە شۆڕشی کۆمۆنەی ١٨٧١ دا دەبینرێت، چارەسەری هەموو دەردە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، ئەمەیش بەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی
سامانی کۆمەڵایەتی، دەخاتە ژێر دەستی هەرەوەزکاریە سۆشیالیستیەکان، کۆمۆنەکان. وە
ئەگەر پێویستیش بێت وەڵامی چەند پرسیارێک بدەینەوە دەربارەی مارکس و سۆشیالیزم،
ئەوا دەبێت بڵێین: دەبێت مارکس لەسەر تێڕوانینی بۆ کۆمۆنە، بخرێتە بەر پرسیار، نەک
لەسەر دەوڵەتی سۆڤێتی کە دەکەوێتە ٣٤ ساڵ دوای مردنی مارکس و تێزەکانی مارکسیش لە
هیچ شوێنێکدا، لەگەڵ هیچ سەردەمێکی ئەو دەوڵەتەدا یەکناگرێتەوە کە لە ٧٠ ساڵی
تەمەنیدا، هیچی بە ئابووریی جیهانی پێشکەش نەکرد گەشەدان نەبێت بە هەمان سروشتی
ئابووری سەرمایەداری خۆی کە ڕیفۆرمە، بە واتا کەمکردنەوەی خەرجیەکانی دەوڵەتە
لەسەر حسابی زۆربەی زۆری کۆمەڵگا. دەبێت بشڵێین: مارکس داهێنەرو دۆزەرەوەی کۆمۆنە
نیە، کۆمۆنەیش چ پەیوەندیەکی بە تێوریەکانی مارکس یان بلانکی یان باکۆنین وە یان
هیچ ئایدیۆلۆژیستێکەوە نیە. کۆمۆنە بۆ خۆی، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیەو لە ژیانی
واقیعی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت کە دوا ئامانجی لە خەبات، تێکوپێک
شکاندنی پێگەو بنەماکانی سەروەرێتی مرۆڤە بەسەر مرۆڤدا، ئەمەیش لەو ڕێگایەوە کە
ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لەبری نهێنیەکی سیاسی
حیزبە سیاسیەکان و دەسەڵاتە سیاسیە سەروەرە مشەخۆرەکەیان کە هەمیشەو لە هەموو
سەردەمێکدا، لە ئەمریکاوە تا سۆڤیەتی جاران، لە پادشایەتی سویدەوە تا سیستمی
کۆماریی فەرەنسا، جەستەیەکی دابڕاوە لە کۆمەڵ و دەکەوێتە سەروو ئیرادەی بەکۆمەڵی
کۆمەڵگاوە.
بەپێچەوانەوە، کۆمۆنە ئەو
سەرەوەرێتیە هەڵدەتەکێنێت و هەموو دامودەزگا هەرەمیەکانی کۆمەڵگا، چ عەسکەرو
پۆلیس، چ ئیدارەی بیرۆکراسی و مشەخۆر، هەڵدەوەشێنێتەوەو ئیدارەیەکی سادەی
کۆمەڵایەتی دەخاتە جێگای بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەران و کاری ڕۆژانەی کۆمەڵ. وە
ئەو ئازادیە کۆمەڵایەتیەی کۆمۆنە دابینی دەکات، هەموو مێژووی مرۆڤایەتی، تا ئێستا،
نموونەیەکی تری لەوجۆرەی بەخۆوە نەدیوە، نە لە یۆنان وڕۆمای ئۆرۆستۆکراسیەکانداو
نە لە ئەمریکاو ئەوروپای دیموکراسیەکانداو نە لە ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتیی جاراندا.
ماویەتی...
(١) بۆ دیتنی جیاوازی هیگڵ و مارکس، بڕوانە ئەم لینکەی
خوارەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق