الثلاثاء، 10 سبتمبر 2013

مارکس لە نێوان کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا: بەشی ١




8/26/2013 12:00:00 AM

کۆمێنتارێکە لەسەر بەرنامەکەی ڕەنج سەنگاوی، ١١-٨-٢٠١٣ لە کەناڵی ڕووداو، بە ئامادە بوونی فوئاد مەجید میسری و نوێنەرانی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی (دکتۆر شێرکۆ)، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری (خەسرەو سایە)، حیزبی شیوعی کوردستانی (زیرەک)
پێشەکیەکی مێژوویی:
ئەگەر لە مارکسەوە دەستپێبکەین نەک لە مارکسیزمەوە، ئەوا دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو مێژووەی؛ سەردەمی مارکس لە سەردەمی هیگڵی ئەڵمانی و ریکاردۆی ئینگلیزی جیا دەکاتەوە. یەکەمیان سەرچاوەی مێژوو دەگێڕێتەوە بۆ ئاسمان و دووهەمیشیان لەوێدا دەوەستێت کە گوایە سەرمایەداری، دواین وێستگەی گەشەی مرۆڤایەتیە.
بەلای هیگڵەوە، فەلسەفە لەو عەقڵەمان دەگەیەنێت کە زاڵە لەسەر جیهان، لەسەر مێژوو. لەسەر بناغەی ئەم بۆچوونە، هیگڵ لە ئاسماندا دەگەڕێت بۆ سەرچاوەی ناکۆکیەکانی سەر زەوی.
بەپێچەوانەوە، لەلای مارکس، مێژوو هیچ نیە مێژووی گەشەی پیشەسازی نەبێت، هەر بەو مانایە چەرخی بەردین، چەرخی برۆنزو ئاسن نیە، ئەمە هەروەک چۆن ئەو چەرخانەیش هیچیان لە چەرخی پیشەسازیی چەکی ڕاوو مایکرۆسکۆب و فڕۆکەوانی و چەکی ئەتۆمی ناچن (١).
دەبا ئێستا لە ناکۆکیەکانی مارکس و هیگڵ و مارکس ریکاردۆوە، بە باسەکەماندا ڕۆبچین.
مارکس و هیگڵ
هیگڵ بە لێکدانەوەیەکی عەقڵانی، واتە فەلسەفی، لەودیو سروشتەوە، بە هەمان مێتودی لۆژیکی یۆنانی، دەکەوێتە پشکنینی جیهان. مارکس بە لێکدانەوەو مێتودی تاقیگەیی ئینگلیزەکان و فەرەنسیەکان، دەکەوێتە گەڕان بە پێکهاتە مێژووییەکانی ئابووری جیهانداو مەعریفەیەکی مێژوویی نەک فەلسەفی، لەو گەڕانە وەدەستدەخات. وە لەسەر بناغەی ئەو لێکدانەوە دونیاییە، ڕەخنەکانی مارکس لە فەلسەفە مەسیحیەکەی هیگل، لەوێوە دەستپێدەکات کە دەبێت بەر لە هەرچی، ناکۆکیەکان لە ئاسمانەوە داگرینە سەر زەوی، دەبێت لەسەر زەوی و لە پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکاندا، بۆ سەرچاوەی ئەو ناکۆکیانە بگەڕێین.
ئەم ڕەخنەیە لە هیگڵ، لەو دەمەوە دەستپێدەکات کە کۆمەڵگای سەرمایەداری دەکەوێتە بەر ڕەخنەی مێژووناسەکان و ئابووریناسەکان. وە هەتا ئەو ڕەخنەیە نەبووە واقیع، تێڕوانینی ماتریالیستانە بۆ مێژوو، جێگای تێڕامانە فەلسەفیەکانی نەگرتەوە. ئەمەیش ئەکەوێتە ئەو سەردەمەوە کە سەرمایەداری، لە بالغ بوونیدا، دەردە کۆمەڵایەتیە بێچارەکانی ڕادەگەیەنێت. وە ئیتر لەو دەمە بەدواوە، مێژوو ماتریالی کامڵبوونی لێکدانەوە ماتریالیستیەکان، دەخاتە بەردەست، ئەمەیش سەردەمێکە، دەکەوێتە دوای سەردەمی ریکاردۆ، ڕاستتر دوای سەردەمی ئابووری سیاسی.
 مارکس و ریکاردۆ
سەردەمی دەیڤید ریکاردۆ (١٧٧٢-١٨٢٣)، سەردەمی گەشەی زانستی ئابووری سیاسیە، سەردەمی لیدوانە لە یاسای بەها، بەهای بەکارهێنان، بەهای ئاڵوگۆڕ، بازاڕ، نرخ، کرێیکار، خستنەڕوو داخوازی.. هتد. ئەمەیش هاوکاتە لەگەڵ سەردەمێکدا کە کۆمەڵگای سەرمایەداریی تێدا بنجبەست دەبێت بەواتای سیستمێکی جیهانی.
بە پێچەوانەوە، سەردەمی کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣)، سەردەمێکە، سیستمی سەرمایەداری قۆناغی مناڵی تێدا جێدێڵێت و دەکەوێتە ناو نۆبە دەوریەکانیەوە، واتە تەنگوچەڵەمە ئابووریەکان. بۆیە مارکس لە کتێبی سەرمایەدا، واقیعیانە ڕایدەگەیەنێت، ئەو لە دووی یاسای بزوێنەری کۆمەڵگای سەرمایەداری دەگەڕێت نەک دۆزینەوەی تێوریەک یان داڕشتنی ئایدیۆلۆژیایەک بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا. ئەو دەڵێت:
"مەبەستی سەرەکی ئەم کتێبەم دۆزینەوەی یاسای ئابووریی بزووتنەوەی کۆمەڵگای نوێیە" (سەرمایە، وەرگێڕانی بۆ زمانی سویدی: ئیڤان بومان).
 مارکس لە سەرمایەدا هەوڵدەدات ئەو یاسا کۆمەڵایەتیە بناسێنێت کە گەشەو بزوەو گۆڕانکاریە ئابووریەکان بەسەر مێژوودا دەسەپێنێت. ئەو ڕایدەگەیەنێت: لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، یاسای هەمیشەیی و نەگۆڕ نیە. هەڵەی ئابووریناسەکانیش ئەوەیە یاسا ئابووریەکان بە یاسا سروشتیەکان، یاسا فیزیاوی و کیمیاویەکان، دەچوێنن. بۆیە یاسا ئابووریەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری، نەگۆڕو هەمیشەیی دەبینن، بەڵکو سەرمایەداری بە کۆتایی مێژوو دەزانن.
 ئەو کاتەی سایکڵە ئابووریەکان دەکەونە سستبوون – تەنگوچەڵەمە – گەشانەوە، وە ئەو نۆبە دەوریانەیش بە واتای مارکس، لەو سەردەمەدا، هەر ١٠ ساڵ جارێک دووبارە دەبنەوە، ئیتر ئەو کاتە، تێگەیشتن لە یاسای ئابووری بزووتنەوەی کۆمەڵگای سەرمایەداری، دەبێتە تێگەیشتن لەو یاسایانەی لەگەشەیاندا، دەردێکی کۆمەڵایەتی دادەخەن کە ناو بەناو، بە زیادبوونێکی بێئەندازەی بێکاری و هەژاری و برسێتی و شەڕوپێکدادان کۆتایی دێت. بۆیە بەپێچەوانەی ریکاردۆوە، مارکس لە یاسای بەهاو یاسای زیادەی بەهاوە دەستپێناکات کە دەربڕی سەردەمی ریکاردۆن، بەڵکو لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی گەشەی ئەو یاسایانەوە دەستپێدەکات کە هەمیشە کۆمەڵگا دەخەنە تەنگوچەڵەمەیەکی ئابووریەوە.
 لە ساڵی ١٨٢٠ وە تا ١٨٣٠، سەرمایەداریی جیهانی پێدەنێتە سەردەمی زێدەی بەرهەمهێنان و لەویشەوە یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ئابووری جیهانی. یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ئابووری ئینگلیزی لە ١٨٢٥ داو یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ئابووری فەرەنسییش لە ١٨٣٠ دا، یەکەم ماتریالی تێگەیشتن لە هۆکارەکانی تەنگوچەڵەمە ئابووریەکان ئاشکرا دەکات کە لە بناغەدا زێدەی بەرهەمهێنانە. وە ئیتر هەر لەوێوە، ئابووریناسێکی وەک مارکس، لە لێکۆڵینەوە ئابووریە - مێژووییەکانیدا، تێبینی ئەوە دەکات، تەنگوچەڵەمەکان دەرئەنجامی زۆریی بەرهەمهێنانن و نەخۆشیەکی زکماکی کۆمەڵگای سەرمایەدارییشن. ڕاستی و دروستی ئەو لێکۆڵینەوەیە، لەم ساتە وەختەی ژیانی خۆشماندا دەبینین کە دەکەوێتە دوای دوو سەدە لەو مێژووە.
بەلای ریکاردۆوە خەتای گەورە لە سەرهەڵدانی تەنگوچەڵەمەکاندا سروشتە، کەمی پێداویستیەکانە، بەلای مارکسەوە دەرئەنجامی زێدەی بەرهەمهێنانە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هیچ چاودێریەکی کۆمەڵایەتی بەسەر بەرهەمهێنانەوە نیە، بەڵکو هەریەکە بۆ خۆی و بە ئامانجی وەدەستهێنانی قازانج لەسەر حیسابی یەکتر، لە سایەی سیستمی ڕکابەریدا، بەرهەم دەخاتە بازاڕەوەو کەسیش نازانێت کۆمەڵگا چی پێویستەو چەندی پێویستە. وە ئەم حاڵەتە مرۆڤایەتیەیش هەر بەردەوام دەبێت تا شۆڕشێک لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا ڕوودەدات. ئەو شۆڕشە هیچ ناگەیەنێت جگە لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکاربردن بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا. وە تەنها ئەو کاتە تاک لە تەنیایی ڕزگار دەبێت کە کۆمەڵگا دەبێتە بەرپرسی دابینکردنی پێداویستیەکانی. ئەو جۆرە کۆمەڵگایەیش ناوی هەرچی بێت و لە سایەی هەر سیستمێکدا وەدی بێت، لاریمان لێی نیە. بەڵام بە واتای ئابووری سیاسی، هەرگیز سیستمی هاوچەرخ ناتوانێت ئەو حاڵەتە مرۆڤایەتیەی ئەمڕۆ تێپەڕێنێت کە چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە، سەروەرە تیایدا، ئەمە هەروەک چۆن ئایینە ئاسمانیەکانیش، هەر لە سەرەتاوە، دانیان ناوە بەبوونی ئەزەلیەتی چەوساندنەوەی مرۆڤدا لە لایەن مرۆڤەوە.
مارکس و ئایین:
 بەلای ئایینەوە، چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، فەرمانی ئاسمانە بەسەر زەویدا، بەسەر مێژوودا، بۆیە هەموو دەستتێوەردانێک لە سیستمی چەوساندنەوە، شکاندنی پیرۆزیەکانی ئاسمانە. بەلای مارکسەوە چەوساندنەوە بەرهەمی موڵکدارێتی تایبەتیە. ئایین ئەو موڵکدارێتیە پیرۆز دەناسێنێت. بەواتا، هەر داوایەک بۆ لەناوبردنی موڵکدارێتی تایبەتی و ژیانێکی چوونیەکبوو، وەستانەوەیە لەڕووی پێرۆزیەکانی ئاسماندا. ئا لێرەیشدا یەکگرتنەوەی تەواوی ئەفلاتوون و ئایینە ئاسمانیەکان و ریکاردۆ دەبینین کە بەلای یەکەمیانەوە کۆیلایەتی و بەلای دووهەمیانەوە سەرمایەداری و بەلای سێهەمیشیانەوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە، هەمیشەیی و نەگۆڕن. بەلای ئێمەیشەوە، لەناوچوونی سیستمی کۆیلایەتی، هەر تەنها تێزەکانی ئەفلاتوون ناخەنە ژێر پرسیار، بەڵکو تێزەکانی ریکاردۆو ئایینەکانیش رووبەڕووی پرسیارێک دەکاتەوە: ئایا بە کردەوە، یاسا کۆمەڵایەتیەکان، ئەبەدی و نەگۆڕن؟
بەلای مارکسەوە، ئەو یاسایانە هەمیشە لە گۆڕاندان و لە مێژوویشدا وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەگیر دەکەوێت دینەمۆی ئەو گۆڕانکاریانە، گەشەی بەردەوامی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانین و لەوانیشەوە ئەو ناکۆکیە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەن، شۆڕشە مەزنەکان بەدوای خۆیاندا بەکێش دەکەن. وە هەر لەو بۆچوونەیشەوە، بەلای مارکسەوە، شۆڕش نەک ڕەخنە، دینەمۆی مێژووە. بەواتا، فیکرو ئەخلاق نین کۆمەڵگا دەگۆڕن، داماڵینی بیرە شەیتانیەکان نین لە سەری خەڵکی کۆمەڵگا پێشدەخەن، سەرکەوتنی هێزی خێر نیە بەسەر هێزی شەڕدا، کۆمەڵگایەکی نوێ دەخاتە جیگای کۆمەڵگای کۆن. هەر لەو دیدگایەیشەوە، شەڕی کۆمەڵایەتی، شەڕ نیە لەگەڵ دین و خوا پەرستی کە خۆی لە خۆیدا،  پەیوەندیەکی روحی تاک نیشان دەدات لەگەڵ ئاسمان، بەڵکو شەڕی هێزە کۆمەڵایەتیەکانە لەسەر جۆری موڵکدارێتی. شۆڕش شێوەی موڵکدارێتی دەگۆڕێت، ئەمەیش بە ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی بەهەمهێنان و دابەشکردنەوەی سامانی کۆمەڵایەتی. مارکس باس لەو شۆڕشە دەکات جۆری بەرهەمهێنان و ئیدارە، لە بەرژەوەندی هەموو کۆمەڵگا دەگۆڕێت، ئەو گۆڕانکارییەش لە ژیانێکی کۆمۆنیدا بەدی دەکات کە بۆ یەکەمینجار لە مێژوودا، لە شۆڕشی کۆمۆنەوە ڕادەگەیەنرێت. 
مارکس و کۆمۆنە
بەلای مارکسەوە، ژیانێکی کۆمۆنی، کە تروسکاییەکەی لە شۆڕشی کۆمۆنەی ١٨٧١ دا دەبینرێت، چارەسەری هەموو  دەردە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، ئەمەیش بەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سامانی کۆمەڵایەتی، دەخاتە ژێر دەستی هەرەوەزکاریە سۆشیالیستیەکان، کۆمۆنەکان. وە ئەگەر پێویستیش بێت وەڵامی چەند پرسیارێک بدەینەوە دەربارەی مارکس و سۆشیالیزم، ئەوا دەبێت بڵێین: دەبێت مارکس لەسەر تێڕوانینی بۆ کۆمۆنە، بخرێتە بەر پرسیار، نەک لەسەر دەوڵەتی سۆڤێتی کە دەکەوێتە ٣٤ ساڵ دوای مردنی مارکس و تێزەکانی مارکسیش لە هیچ شوێنێکدا، لەگەڵ هیچ سەردەمێکی ئەو دەوڵەتەدا یەکناگرێتەوە کە لە ٧٠ ساڵی تەمەنیدا، هیچی بە ئابووریی جیهانی پێشکەش نەکرد گەشەدان نەبێت بە هەمان سروشتی ئابووری سەرمایەداری خۆی کە ڕیفۆرمە، بە واتا کەمکردنەوەی خەرجیەکانی دەوڵەتە لەسەر حسابی زۆربەی زۆری کۆمەڵگا. دەبێت بشڵێین: مارکس داهێنەرو دۆزەرەوەی کۆمۆنە نیە، کۆمۆنەیش چ پەیوەندیەکی بە تێوریەکانی مارکس یان بلانکی یان باکۆنین وە یان هیچ ئایدیۆلۆژیستێکەوە نیە. کۆمۆنە بۆ خۆی، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیەو لە ژیانی واقیعی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت کە دوا ئامانجی لە خەبات، تێکوپێک شکاندنی پێگەو بنەماکانی سەروەرێتی مرۆڤە بەسەر مرۆڤدا، ئەمەیش لەو ڕێگایەوە کە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لەبری نهێنیەکی سیاسی حیزبە سیاسیەکان و دەسەڵاتە سیاسیە سەروەرە مشەخۆرەکەیان کە هەمیشەو لە هەموو سەردەمێکدا، لە ئەمریکاوە تا سۆڤیەتی جاران، لە پادشایەتی سویدەوە تا سیستمی کۆماریی فەرەنسا، جەستەیەکی دابڕاوە لە کۆمەڵ و دەکەوێتە سەروو ئیرادەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگاوە.
بەپێچەوانەوە، کۆمۆنە ئەو سەرەوەرێتیە هەڵدەتەکێنێت و هەموو دامودەزگا هەرەمیەکانی کۆمەڵگا، چ عەسکەرو پۆلیس، چ ئیدارەی بیرۆکراسی و مشەخۆر، هەڵدەوەشێنێتەوەو ئیدارەیەکی سادەی کۆمەڵایەتی دەخاتە جێگای بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەران و کاری ڕۆژانەی کۆمەڵ. وە ئەو ئازادیە کۆمەڵایەتیەی کۆمۆنە دابینی دەکات، هەموو مێژووی مرۆڤایەتی، تا ئێستا، نموونەیەکی تری لەوجۆرەی بەخۆوە نەدیوە، نە لە یۆنان وڕۆمای ئۆرۆستۆکراسیەکانداو نە لە ئەمریکاو ئەوروپای دیموکراسیەکانداو نە لە ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتیی جاراندا. 
ماویەتی...
 (١) بۆ دیتنی جیاوازی هیگڵ و مارکس، بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە.

مارکس لە نێوان کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا: -بەشی ٢




9/1/2013 12:00:00 AM

 کۆمێنتارێکە لەسەر بەرنامەکەی ڕەنج سەنگاوی، ١١-٨-٢٠١٣ لە کەناڵی ڕووداو، بە ئامادە بوونی فوئاد مەجید میسری و نوێنەرانی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی (دکتۆر شێرکۆ)، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری (خەسرەو سایە)، حیزبی شیوعی کوردستانی (زیرەک)
ئازادیەکانی کۆمۆنە
ئازادیەکانی کۆمۆنە ئازادی حیزبایەتی و ڕۆژنامەگەری و بەشداریکردن نەبوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، بەڵکو بەشداری کردنی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بوو لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و دابەشکردندنی سامانی کۆمەڵایەتیدا، وە چاوەڕوانییش نەبوو بۆ ئاڵوگٶڕێک لە دەموچاوە ئێسک قوورسەکانی سیاسیەکاندا دوای هەر دەورەیەک لە ژیانی چوارساڵەی پەرلەمان. کۆمۆنە ئیدارەی کۆمەڵگای بە هەڵبژاردن دیاری دەکرد، وە هەر کات و لە هەر ڕۆژێکدا، پێویست بوایە، هەر کەسێک لا دەبرا کە شایستەی ئەندامێتی کۆمۆنەکان نەبوایە. مووچەی هەمووشیان وەک یەک، بەرابەری مووچەی ئاسایی کرێکارێک بوو. ئەمەیش بە تەعبیری مارکس، ڕێگاچارەی یەکەم بوو بۆ ڕێگرتن لەو فەسادەی، دەسەڵات لە پشتیەوەیەتی. جگە لەمانەیش، کۆمۆنە بە پیاوانی ئاینی گووت: دەبێت ئیدارەو ئایین لێک جیا ببنەوە، دەبێت ئاینپەروەران، هەروەک خەڵکی ئاسایی بن و بگەڕێنەوە بۆ ژیانە سادەکەی جارانیان و وەک پێغەمبەرانیش، لەسەر سەدەقاتی باوەڕداران بژین. جگە لەوەیش، کۆمۆنە، بە ئازادکردنی خوێندنگاکان لە دەسەڵاتی سیاسی، زانستی لەو وەهمانە ئازاد کرد کە چینەکان و حکومەتەکان، سەپاندوویانە بەسەریدا (٢).
لێرەدا پێویستە بەسەر ئەوەیشدا تێنەپەڕین کە ئازادیەکانی کۆمۆنە، هەرگیز لە جۆرە دکتاتۆریەتێکدا خۆی نەنواندووە کە مارکس ناوی لێناوە "دکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا". وە ئەگەر لەوێوە، واتە لە مێژوودا، مارکس هەڵبسەنگێنین، ئەوا دەبێت بەتایبەت، سەرنجێکی تێزەکانی مارکسیش بدەین لەو بارەیەوە کە ئەو چۆن لە دکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەگات. وە دوور لە هەموو ئیجتیهادو لێکدانەوەیەکی شەخسی، گووتارەکانی مارکس خۆی لەو بارەیەوە، وەک خۆی دەخەینە بەردەست.
مارکس و دکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا:
لە وەڵامی ووتارێکی ڕەخنەگرانەدا لەسەر مارکس، مارکس لە ساڵی ١٨٥٠ دا، بۆ سەرنووسەری (NEUE DEUTSCHE ZEITUNG) دەنووسێت: لۆمەم دەکەی لەسەر ئەوەی گوایە من لایەنگری سەروەرێتی و دکتاتۆریەتی پرۆلیتاریام، وە گوایە تۆ بایەخ بە لەناوبردنی جیاوازی چینایەتی دەدەیت بە گشتی. تۆ زۆر باش دەزانیت من، تەنانەت بەر لە شۆڕشی ١٨٤٨ یش، لە کتێبی "بٶس الفلسفة" دا بەرگریم لەو جۆرە تێڕوانینەی تۆ کردووە (٣).
وە بۆ ئەوەی بەڕوونی لەو تێڕوانینەی مارکس بگەین، ناچارین پەنا ببەین بۆ ئەو کتێبەی مارکس پەنجەی بۆ ڕاکێشاوەو تیایدا نووسیویەتی:
"چینی کرێکار لە گەشەسەندنیدا، لە بری کۆمەڵگای برجوازی، رابیتەیەک دادەمەزرێنێت کە چینەکان و ناکۆکیەکانیان لەناو دەبات؛ وە ئیتر هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی نامێنێتەوە، چونکە دەسەڵاتی سیاسی دەربڕێکی ڕەسمیی ناکۆکیە چینایەتیەکانە لە ناو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا". 
ئەمە بۆچوونی مارکسە لەو دکتاتۆریەتەی باسی لێوە دەکات، هەتا ئێرەیش ئەو بۆچوونە شتێک ناگەیەنێت ئەو شۆڕشە نەبێت چینەکان لەناودەبات. بە واتا شۆڕش، دەسەڵاتێکی چینایەتی نوێ ناسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگادا بەناوی پرۆلیتاریاو دکتاتۆریەتێکی نوێوە. بۆیە ناکرێت ئێمە؛ بەزۆرەملێ، ئەوە ببڕین بەسەر مارکسدا کە گوایە ئەو باس لە دەسەڵاتێکی ئاسمانی شێوە سۆڤێتی دەکات. بەلای مارکسەوە؛ سەرکەوتنی شۆڕش، واتای لەناوبردنی هەردوو چینەکەیە پێکەوەو لەیەککاتدا، نەک دامەزراندنی دەسەڵاتێک لە فۆرمی دەوڵەتی سۆڤێتی. مارکس، لە کتێبی "العائلة المقدسة" دا، بە ڕاشکاوی دەڵێت: 
"لەکاتێکا پرۆلیتاریا سەرکەوتن بەدەست دێنێت، لە هیچ حاڵێکدا نابێتە لایەنی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، چونکە سەرکەوتنی پرۆلیتاریا سەرکەوتنە بەسەر خۆیشی و دژەکەیشیدا. وە ئیتر ئەوکاتە پرۆلیتاریا وون دەبێت ئەمە هەروەک چۆن دژەکەیشی وون دەبێت کە موڵکدارێتی تایبەتیە".
مارکس پەیوەندیی پرۆلیتاریاو موڵکدارێتی تایبەتی، وەک دیاردەیەکی مێژوویی پێکەوە گرێدراو دەناسێنێت، ئەوان پێکەوە لە بووندان و پێکیشەوە وون دەبن. بوونی چینەکان، لە هەر شێوەیەکی مێژووییدا بێت و هەرکامیان سەروەر بن، بوونی موڵکدارێتی تایبەتیە. هەربۆیە، شۆڕش لەلای مارکس، سەرکەوتنە بەسەر حوکمی چینەکانداو چیتر نا، بۆیە هەر لێکدانەوەیەک بۆ تێزەکانی مارکس، بەبێ بەستنەوەی بە بۆچوونەکانی مارکس خۆیەەوە دەربارەی بوونی پرۆلیتاریاو ئەرکە مێژووییەکەی و شۆڕشی کۆمۆنەو تێگەیشتنی ئەو لە ڕێکخستنەوەی کۆمۆنی کۆمەڵگا، لە تێزەکانی مارکس دوورمان دەخاتەوە. مارکس دەربارەی شۆڕشی کۆمۆنە، لە کتێبی "جەنگی ئەهلی لە فەرەنسا" دا، بەڕوونی دەڵێت:
"ئەو بزووتنەوە نەمرەی لە ١٨ی ئازاردا دەستپێدەکات، بەرەبەیانی ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیە گەورەیەیە کە بۆ هەمیشەیی، مرۆڤایەتی لە حوکمی چینەکان دەرباز دەکات". 
لە تێکڕای ئەم تێڕوانینانەی سەرەوە، بەوە دەگەین، مارکس ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان لە خودی مێژوو خۆیدا تاوتوێ دەکات، بە پێچەوانەی ئەوانەوە کە دیدگا ئەزەلیەکان و ناکۆکیە مێژووییەکان پێکا دەئاڵێنن و تێزێکی لێدروست دەکەن، چ پەیوەندیەکی بە مێژووەوە نیە.
مارکس و ئەزەلیەت:
مارکس هەرگیز لەو تێڕوانینەوە دەستپێناکات کە لە ئەزەلیەتدا دەسووڕێتەوە: ئەزەلیەتی ماددەو ئەزەلیەتی روح، بەڵکو لەو جێگایەوە دەستپێدەکات کە ئابووریی سیاسی تێدا دەوەستێت. سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکانی مارکس گەشەی پیشەسازی ئینگلیزی و شۆڕشە فەرەنسیەکانن، هەردوو شۆڕشی برجوازی و پرۆلیتاری (کۆمۆنە). وە هەر لە ڕۆشنایی ئەو لێکۆڵینەوانەوە، ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی، لە ڕەخنەی ئەزەلیەتەکەی هیگڵ و فیۆرباخدا چڕ دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، ئایدیۆلۆژیستە ئەڵمانیەکان، لە ماددەو لاهوت، حیکمەتە مێژووییە مەزنەکان دروستدەکەن، ئەمەیش باسکردن نیە لە مێژوو، بەڵکو باسکردنە لە "چەرخەکانی بەر لە مێژوو". ئەمەیش دەلیلی ئەوەیە کە ئەڵمان، ئەو ماتریالە مێژووییانەیان لەبەر دەستدا نیە لە مێژوو بدوێن، ئەو ماتریالە مێژووییانەی ئینگلیزەکان و فەرەنسیەکان، یەکەمین هەوڵیان تیا خستە گەڕ بۆ ئەوەی مۆرکێکی ماتریالیستی بدەن بە نووسراوەکانیان لە نووسینەوەی مێژوودا. مارکس بەڕوونی دەڵێت: برۆنۆی قەشە، بە شێوەیەکی هەڵە داڕشتنە فەلسەفیەکانی ماتریالیستەکان وەردەگرێت لە بارەی ماددەوە کە گوایە ئەوە بیرکردنەوەیانە دەربارەی جیهان (بڕوانە مارکس، ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی).
هەر بەم جۆرە دەبینین، بیری مارکس و مارکسیزم، دەبنە دوو تێزی دژ بەیەک دەربارەی جیهان و مێژوو. سەرچاوەی بیروبۆچوونی یەکەمیان ماتریالیزمی مێژوویی ئینگلیزەکان و فەرەنسیەکانە، سەرچاوەی بیروبۆچوونی دووهەمیان، ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیە، ئەزەلیەتە، گەڕانە لە دووی پەیوەندی ماددەو هۆشمەندی، ئەمە لەبری گەڕان لە پەیوەندی نێوان هۆشمەندی و مێژوو. لەمەیش ئەو ماتریالیزمە ساویلکانەیە دروست دەبێت کە سەرچاوەی هۆشمەندی، سەرچاوەی مەعریفە،  دەگێڕێتەوە بۆ ماددە، بۆ سروشت، نەک مێژوو. بەلای مارکسەوە، پەیوەندی هۆشمەندی بە ماددەوە، هیچ شیکردنەوەیەکمان ناداتێ لە بارەی گەشەی کۆمەڵگاو ئاستە جیاوازەکانی مەعریفەوە، واتە مەعریفەی دینی، مەعریفەی فەلسەفی، مەعریفەی زانستی. 
مارکس و مارکسیزم
بە پێچەوانەی تێڕوانینە ماتریالیستەکانی مارکسەوە لە مێژوو کە لە ڕەخنەگرتندا لە ماتریالیزمی سروشتی کورتدەکرێتەوە، بلیخانۆف، باوکی روحی مارکسیستەکانی ڕووس (١٨٥٦ - ١٩١٨)، لە ناکۆکی قوتانخانە کۆنەکانی فەلسەفە یۆنانیەکان و ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیەوە دەستپێدەکات کە مارکس بەشێکی گەورەی کاتەکانی بۆ ڕەخنەیان تەرخان کردووە. بەلای بلیخانۆفەوە، بناغەی ماتریالیزمی هاوچەرخ، لە یۆنانی کۆندا لە لایەن دیموکریتس و فەیلەسووفە ئەیۆنیەکانەوە دادەمەزرێنرێت، مارکسیش گوایە لەوێوەو دواتریش لە پەرەداندا بە فەلسەفەکەی فیۆرباخ بەردەوام دەبێت. وە لە بەرزترین ئاستیدا، بلیخانۆف شێوانشێوێک لە ماتریالیزم دروست دەکات لە فەلسەفەکەی ئەفلاتوون، دیموکریتس، ئەبیقۆر، وە ماتریالیزمی سەدەی حەڤدەهەم، سبینۆزا، دیکارت، نیوتن، وە لەوێیشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم و لە فیۆرباخی ئەڵمانیدا دەگیرسێتەوە، هەر لەوێیشدا ڕایدەگەیەنێت گوایە توانای تێگەیشتن نیە لە مەنهەجی مارکس، بەبێ مەعریفە لە فەلسەفەکەی هیگڵ (٤).
دواتر لینین، ترۆتسکی، ستالین، دەکەونە جووینەوەی ئەم ئەدەبە مارکسیستە شێواوەی بلیخانۆف و لە هیگڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئاسمان و شەڕەکانی سەر زەوی دەکەنە شەڕە فەلسەفیەکانی یۆنانی کۆن و ناکۆکی نێوان فەلسەفەکەی هیگڵ و فیۆرباخ -واتە شەڕی ئەزەلیەت-، وە مارکسیزمێک لە ماتریالیستە کۆنە بەسەرچووەکەی بلیخانۆف و هیگڵیزم دروستدەکەن کە دووروو نزیک پەیوەندیەکیان بە سەرچاوەی تێزەکانی مارکسەوە نیە، ڕاستتر چ پەیوەندیەکیان بە مێژووەوە نیە. ئەوان لە ئەزەلیەتەکەی ئەڵمانەوە دەستپێدەکەن. مارکس لە ڕەخنەی ئەو ئەزەلیەتەوە دەستپێدەکات و هاوبەشیەکانی لە برەوداندا بە مێتودی ماتریالیزمی مێژوویی کورتدەکرێتەوە. 
مارکس و مێتودی شیکردنەوە
هاوبەشیەکانی مارکس لە ئابووریی - مێژووییدا، لە برەوداندا بە ماتریالیزمی مێژوویی، دەستپێدەکات. هەربۆیە بێباوەڕیی، هیچ جێگایەکی لە باسە ئابووریە - مێژووییەکانیدا داگیر نەکردووە. چاوخشانێکی بە پەلەیش بە هەرسێ بەشەکەی کتێبی (سەرمایە) دا کە تەواوی مەنهەجی لێکۆڵینەوەکانی مارکسی لەخۆیدا کۆکردۆتەوە، زۆر ئاسان لەوەمان دەگەیەنێت، مارکس لە یاسای ئابووریی بزووتنەوەی کۆمەڵگای سەرمایەداری دەدوێت نەک ئەزەلیەتی ماددەو روح. وە ئەمە خۆی بۆ خۆی جیاوازیەکی بنەڕەتیی مارکسە لەگەڵ مارکسیستەکان، بەڵکو تەنانەت لەگەڵ فرێدریک ئینگڵسیش. مارکس ماتریالیزمی مێژوویی بە مێتودی ئەو شیکردنەوەیە دادەنێت. بەردی بناغەی ئەو مێتودەیش، هەمان لێکۆڵینەوەی ئابووریی مێژووییە، ئەمە هەروەک چۆن زەمینەی ماتریالیزمی سروشتی، لێکۆڵینەوە فیزیاویەکانە. وە هەروەک چۆن ناتوانین زانستە سروشتیەکان بگێڕینەوە بۆ تەنها کەسێک لە مێژوودا، ئا بەوجۆرە ناتوانین ماتریالیزمی مێژووییش بگێڕینەوە بۆ تەنها کەسێک کە مارکس بێت. ماتریالیزمی مێژوویی مێتودێکە، مەنهەجێکە بۆ شیکردنەوەی جیهان نەک نەخشەیەکی فەلسەفی بۆ گۆڕینی. ئەو مێتودە لە سەرەتاوە، لە ئابووری سیاسی ئینگلیزەکان و فەرەنسیەکاندا، بەدی دەکرێت. 
بە پێچەوانەوە، مارکسیستەکان دەیانەوێت، کۆمەڵگایەکی نوێ لەسەر بناغەی مەزهەبێک دابمەزرێنن کە ناویان لێناوە مارکسیزم، ئەمە لەکاتێکا مارکس هەرگیز وەسفەیەکی ئایدیۆلۆژی دانەناوە بۆ کۆمەڵگایەکی نوێ، بەڵکو لەو یاسایە دەکۆڵێتەوە کە بە شێوەیەکی سروشتی، سیستمێکی ئابووریی نوێ دەسەپێنێت لە مێژوودا. مارکسیستەکان بەبێ مارکس، وە تەنانەت بەبێ ئاگاداری لە دانراوەکانی مارکسیش، مێتودی ماتریالیستانە بۆ لێدوان لە مێژوو، وەک مەزهەبێک ڕادەگەیەنن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێ کە گوایە سەرچاوەکەی مارکسیزمە. لەو مارکسیزمە فەلسەفەیەک دروسدەکەن و ئەو فەلسەفەیەیش بە ماتریالیزمی دیالەکتیکی دەناسێنن کە سەرچاوەکەی لە فەلسەفەی یۆنانیەکانەوە دەست پێدەکات و لە ئایدیۆلۆژیا فەلسەفیەکانی ئەڵماندا، لە ئەزەلیەتەکەی هیگڵ و فیۆرباخدا، کۆتایی دێت. خودی مارکس خۆیی و مێتودی لێکۆڵینەوەکەیشی، بە تەواوی ناکۆکە بەو مەزهەبگەرێتیەو بەو ئایدیۆلۆژیایانە. داهێنەری ماتریالیزمی دیالەکتیکییش، ئینگڵسە نەک مارکس. مارکس چ پەیوەندیەکی بە ماتریالیستەکەی فیۆرباخ و دیالەکتیکەکەی هیگڵەوە نیە بە مانای ڕەخنەگرتنیان نەبێت (٥).
ماویەتی...
 (٢) دەربارەی کۆمۆنە، تێزەکانی مارکس لێرەدا دەبینن:
(٣١) بڕوانە: مراسلات مارکس - انجلس
(٤) بڕوانە بلیخانوف، المارکسیة: قضایا اساسیة
(٥) دەربارەی مارکس و دیالەکتیک، بڕوانە:

مارکس لە نێوان کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا: سێیەم و کۆتایی




9/6/2013 12:00:00 AM

کۆمێنتارێکە لەسەر بەرنامەکەی ڕەنج سەنگاوی، ١١-٨-٢٠١٣ لە کەناڵی ڕووداو، بە ئامادە بوونی فوئاد مەجید میسری و نوێنەرانی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی (دکتۆر شێرکۆ)، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری (خەسرەو سایە)، حیزبی شیوعی کوردستانی (زیرەک).
دانراوەکانی مارکس و مارکسیستەکان
لە سەردەمی لە دایکبوونی مارکسیزمی ڕووسیدا، هێشتا کتێبەکانی مارکس لە چاپ نەدرا بوون. کتێبی (ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی)، (گرۆندریسە)، (سەرمایە، کتێبی سێهەم) کە گرنگترین و دواین بەشی لێکۆڵینەوەکانی مارکس، بە چڕی و خەستی، کۆدەکاتەوە، وە زۆری تریش لە دانراوەکانی مارکس، هەتا سەدەی بیستیش چاپ و پەخش نەکراون و کەسیش لە مارکسیستەکان ئەو دانراوانەیان نەبینیوە کە تێزەکانی مارکسن و سەربەخۆن لە نووسینەکانی ئینگڵس، وە کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی دۆهرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە هەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس (٦).
ئەوە سەرچاوەی مارکسیستەکانی ڕووسە؛ ئەو سەرچاوەیەی لە ساڵەکانی دوایی تەمەنی ئینگڵسدا، دەکەوێتە بەر ڕەخنەی ئینگڵس خۆی (بڕوانە پێشەکی کتێبی: ئەنتی دۆهرنگ). سەرچاوەی بیرو بۆچوونەکانی ئینگڵسیش ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیە. دایکی هەموو تەوژمە مارکسیستەکانی قوتابخانەی ڕووسیی مارکسیزمیش، بلیخانۆفە نەک مارکس، ئیتر هەر لە لینینیزمەوە تا بە ترۆتسکیزم و ستالینیزم دەگات، ئەمە سەرباری جیاوازیی لە  تاکتیکە سیاسیەکانی ئەو تەوژمانەدا. ئەوان تێکڕا بە مێتودی لۆژیکی دیالەکتیکی یۆنانی لە جیهان دەدوێن، بۆیە بەلای ئەوانەوە، تێگەیشتن لە مارکس زەحمەتە، بە بێ تێگەیشتنی پێشوەخت لە مەسیحیەتەکەی هیگڵ. 
مارکس و دەوڵەتی سۆڤێتی
لکاندنی ناوی مارکس بە دەوڵەتی سۆڤێتیەوە، هەروەک لکاندنی ناوی مەسیحە بە کۆمۆنەوە. وە بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە کە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، ئەزەلی دەبینن، کۆمۆنە نیشانیدا، گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بێ چەوساندنەوە، حەتمیەتی مێژوو خۆیەتی. سەرەتای ئەو کۆمەڵگایەیش، لە هەرەسی هەرەمی کۆمەڵگاو داگرتنی ئیدارەوە دەستپێدەکات بۆ ئاستی بەرهەمهێنەران خۆیان، ئەمەیش بەڕێگای ڕێکخستنی بەرهەمهێنان لە هەرەوەزکاریە سۆشیالیستیەکاندا. ئەو ڕێکخستنە پێشنیاری مێژوو بوو نەک وەسفەی مارکس، وە وەک کۆمۆنە نیشاندا، پێویستی بەو سەدان ساڵەیش نیە کە دەوڵەتی سۆڤێتی، پرۆلیتاریای جیهانیی لە چاوەڕوانیاندا دەژیان. ناکۆکی نێوان شێوازی سەرمایەداری و شێوازی سۆشیالیستییش لە بەرهەمهێناندا، ئەوەیە لە یەکەمیاندا ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکاربردن، ملکەچی هێزێکی سیاسی سەروەرە بەسەر کۆمەڵگاداو لە دووهەمیاندا، بە تەعبیری مارکس، ملکەچی ئیدارەی زاتی بەرهەمهێنەران خۆیانە.
بە پێی بۆچوونی مارکس؛ شۆڕشی پرۆلیتاریا خۆی بوو نەک تیۆریستێک یان ئایدیۆلۆژیستێک، کە شێوەیەکی سیاسی گونجاوی دۆزیەوە؛ بەهۆیەوە ئازادییە کۆمەڵایەتیەکان دەبنە واقیع، ئەو شێوە گونجاوە کۆمۆنە بوو. یەکەم بەرنامەی کۆمەڵایەتی کۆمۆنەیش بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا، گواستنەوەی فابریکەکان بوو بۆ ژێر دەستی هەرەوەزکاریە سۆشیالیستیەکان.
ئا ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتیە، لە  شوباتی ١٩١٧ دا، لە شۆڕشی سۆڤیەتەکانی ڕووسیایشدا، بە ئاستێکی نزم دووبارە دەبێتەوەو کرێکاران و جووتیاران، کەرەسەکانی بەرهەمهێنان، لە زەوی و پیشەسازی، دەخەنە ژێر دەستی خۆیان و هەرەوەزکاریە بەرهەمهێنەرەکان و هەرەوەزکاریە ئیستیهلاکیەکان دادەمەزرێنن.
ئەو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیە نوێیە، لە دەوڵەتی سۆڤێتیەوە هەڵدەوەشێنرێتەوەو دەسەڵاتێکی ئاسمانی و فۆرمێک لە سیستمی کاری تایلۆریی دەخرێتە جێگای. بۆیە لە هەر پێداچوونەوەیەکی مێژووییدا، بە بەراووردێکی سادە لە نێوان کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا، بە ئاسانی ئەوە دەبینین: کۆمۆنە لە بناغەوە کۆمەڵگای هەڵدەگێڕایەوە، دەوڵەتی سۆڤێتی ڕایدەگەیاند، بە گردکردنەوەی سەرمایە لە دەستی دەوڵەتدا، بنکەی ماددی سۆشیالیزم، دادەمەزرێنن، ئەوەیش لە دواییدا هیج نەبوو، سەرمایەداریی دەوڵەتی نەبێت کە ئۆرۆستۆکراسیە سیاسیەکانی سەر تەختی عەرش، لەسایەیدا، هەروەک بەعسیەکانی عیراق و سوریا، دەبوونە خاوەنی دەسەڵات و ئیمتیازاتێکی بێسنوور. وە ئیتر لە چاوەڕوانیەکی سەد ساڵەدا، سەردەمێکی درێژ لە مێژوو، بەناوی (ماوەی گواستنەوە) وە بەرەو سۆشیالیزم، برەو بە هەموو ئەو ڕەگەزە ئابووریانە دەدرێت، سیستمی سەرمایەداریی لەسەر وەستاوە. دوای حەفتا ساڵیش لەو چاوەڕوانیە، بە پرۆلیتاریای جیهانیان ڕاگەیاند: سۆشیالیزم هیچ نەبوو خەونێک نەبێت!
کورتکردنەوە
بە پێچەوانەی دەسەڵاتە ئاسمانیەکەی دەوڵەتی سۆڤێتیەوە، کۆمۆنە ڕایگەیاند بەبێ داگرتنی سیاسیەکان بۆ سەر زەوی و داماڵینیان لە هەموو دەسەڵاتێک، کۆمەڵگا ناتوانێت هیچ دەستکاریەکی ئەو پەیوەندیە ئابووریانە بکات، مرۆڤ لە سایەیدا، سەلبی هەموو ئازادیەکانی دەکرێت. ئەو دەستکاری کردنەیش چ پەیوەنیەکی بەم ووتەی مارکس دەربارەی کۆمۆنەو ئەو ووتەی لینینەوە نیە دەربارەی دەوڵەتی سۆڤێتی، بەڵکو پەیوەندی بە ژیانی پرۆلیتاریەکان خۆیان و بە خودی کۆمۆنە خۆیەوەیەتی وەک بزووتنەوەیەکی مێژوویی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەی دواین ئامانج لە خەباتی، لەناوبردنی سەروەرێتی مرۆڤە بەسەر مرۆڤدا. هەموو توانایەکیش بۆ تێپەڕکردنی ئەم کۆمەڵگایە، لە خودی سیستمی سەرمایەداری خۆیدا دەبینین کە زەمینەی کۆمەڵگایەکی نوێی بۆ مرۆڤایەتی ئامادە کردووە، ئەمەیش بە هیچ جۆرێک لە سەرمایەداریی دەوڵەتیەوە -موڵکدارێتی دەوڵەت- دەستپێناکات بەو واتایەی گوایە ئەمە زەمینە خۆشکردنە بۆ سۆشیالیزم. سۆشیالیزم، بە واتای مارکس، لەناو هەناوی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دروست دەبێت. بەواتا باسکردن لە سۆشیالیزم؛ بۆ خۆی خەونێکە، ئەگەر پێشوەخت، سەرمایەداریی پێشینە مێژووییەکەیی ئامادە نەکردبێت. مارکسیستەکانی ڕووس دەڵێن پرۆلیتاریا خۆی دەبێت ئەو زەمینەیە ساز بکات لە ڕووسیادا. بەلای مارکسیشەوە پرۆلیتاریەکان لە بووندا نین ئەگەر پێشوەخت ئەو زەمینە مێژووییە ئامادە نەبوو بێت. سیستمی سەرمایەداریی، لە پێکهاتە ئابووری و ئیداریەکەی خۆیدا، بەبێ ئاگاداری خۆی، بناغەی سەرهەڵدانی ئەو سیستمە ئابووریە نوێیە ئامادە دەکات. وە ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە، زۆر بە زوویی دەرکی ئەوە دەکەین، ڕوسیای قەیسەری، نەک لە ١٩١٧ دا، بەڵکو تەنانەت لە ١٩٠٥ یشدا، شۆڕشێکی شیوە کۆمۆنی ڕاگەیاند (٧). ئەو شۆڕشە لە ١٩١٧ دا، سنووری ڕووسیا جێدێڵێت و دەبێتە شۆڕشێکی جیهانی و هەموو ووڵاتانی ئەڵمانیاو هەنگاریا و ئیتالیا دەگرێتەوەو تا ساڵی ١٩٢٣ درێژە دەکێشێت.
دابڕینی شۆڕشی ڕووسی لە پارچەکانی تری و دەستخستنەناو دەستی ئەڵمانەوە لە لایەن بەلشەفیستەکانەوە بە ناوی پرۆلیتاریاوە، ئەو یەکێتیە پرۆلیتاریە تێکوپێک دەشکێنێت کە بەبێ بریارێکی سیاسی، بزووتنەوەی پرۆلیتاریای کردبووە بزووتنەوەیەکی ئینترناسیۆنالیستی. بەلشەفیستەکان بە هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەتە کرێکاریەکان و هێرشێکی دڕندانە بۆ سەر کرێکارانی کرۆنشتاد لە سنووری فینلەندەو ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی ئاسمانی بەناوی دەوڵەتی سۆشیالیستیەوەو بانگەشە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سۆشیالیستی هەمەچەشنە کە گوایە بگونجێت لەگەڵ باری تایبەتی ووڵاتانداو دەستکردن بە دامەزراندنی فۆرمێکی دەوڵەتی لە سەرمایەداری لە ڕوسیادا بەوناوەوە کە گوایە هێشتا ئەرکەکانی شۆڕشی برجوازی تەواو نەبووەو لەسەر پرۆلیتاریەکانە ئەو ئەرکەیش بگرنە ئەستۆی خۆیان، توانیان شێوانشێوێک لە بزووتنەوەی پرۆلیتاریدا دروست بکەن پڕ بەو شێوانشێوەی، مارکسیزمەکەی بلیخانۆف لەو بزووتنەوەیەدا بڵاوی کردبۆوە. وە بە پێچەوانەی کۆمۆنەوە کە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی لە ئایدیۆلۆژیاو دین دوورخستەوە، دەوڵەتی سۆڤێتی، مەزهەبێکی نوێی کردە ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی دەوڵەت و بە جیهانیشی ڕاگەیاند گوایە هەموو شتێک حیزبیە، ئەمە بە ئەدەب و هونەریشەوە، وە دەبێت تەواوی کۆمەڵگا ملکەچی دەسەڵاتی حیزب و دەسەڵاتی فەردیی سیاسیەکان بێت. لینین لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەدا کە لە بۆخارینەوە ئاراستەی دەکرێت، دەپرسێت: "ئایا دامەزراندنی ئەفرادی دکتاتۆری و دەسەڵاتی بێسنووریان، بە گشتی لەگەڵ پرنسیپە سەرەکیەکانی حکومەتی سۆڤێتیدا دەگونجێت؟".
لینین بە ڕاشکاوانە وەڵامدەداتەوەو دەڵێت: ئەوە برجوازیە بچووکەکانن بەخشینی ئەو دەسەڵاتە دکتاتۆریە شەخسیە، بە دەرچوون دادەنێن لە پرنسیپی جەماعیەت. لە مێژووی بزووتنەوە شۆڕشگێریەکاندا، زۆرجار دکتاتۆریەتی فەردی، دەربڕی دکتاتۆریەتی چینە شۆڕشگێرەکان بووە (٨). 
ئەو دکتاتۆریەتە شەخسیە، میژوویەکی حەفتا ساڵە بە ناوی پرۆلیتاریاوە پڕ دەکاتەوە، دەسەڵاتێکی ئیمپراتۆری بێوێنەو بێسنوور دەسەپێنێت، ملیۆنان لە پرۆلیتاریەکان، لە سایەیدا، لە سەردەمی لینین و ستالیندا، دەکەونە سەختترین سەردەمەوە لە مێژووی جیهان و بە ملیۆنانیان لێدەمرێت لە برسا. لە جەنگی جیهانی دووهەمدا؛ بە ناوی پرۆلیتاریاوە، لایەکی جیهان لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکی و ئەوروپیە سەرمایەدارەکانیدا، دابەش دەکات، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس بەکوشت دەدات بەناوی جەنگ دژی فاشیزم و گوایە لە پێناوی پاراستنی ئاشتی جیهانیدا، وە ئیتر پرۆلیتاریا دەبێتە هێمای سەرکوتکردن، شەڕو کوشتار، دکتاتۆریەتی بێسنوور، خنکێنەری ئازادی. سەرمایەدارییش وەک هێمای ئازادی و دوژمنی سەرسەختی پرۆلیتاریایەکی دکتاتۆرو ئایینە مارکسیستە بۆدروستکراوەکەی، دەناسێنرێت. 
لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی سۆڤێتیشدا، ئایدیۆلۆژیستە برجوازیەکان، سەرلەنوێ دەکەونەوە قیژەقیژ بەگوێماندا: بینیتان سەرمایەداری سەرکەوت و سەلماندی سیستمێکی هەمیشە نەگۆڕە؟
ئەم زوڕنایەی ئایدیۆلۆژیستە برجوازیەکان زۆر درێژە ناکێشێت. لەگەڵ هەرەسی دەوڵەتی سۆڤێتیدا، مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت لە نیوەی جیهاندا، هەرەس دێنێت. فەلسەفەی ئەخلاق ڕایدەگەیەنێت ئەخلاقی سەرمایەداری سەرکەوت بەسەر ئەخلاقی سۆشیالیستیدا. تێزەکەی ئابووری سیاسی دووپات دەبێتەوە: سەرمایەداری کۆتایی مێژووەو مرۆڤی کۆمەڵگای سەرمایەدارییش، دواین مرۆڤی سەرزەویە.
تەنها یەک دەیە دوای هەرەسی ئیمپراتۆریەتی سۆڤێتی، سەرمایەداری سەرلەنوێ، دەکەوێتەوە ناو تەنگوچەڵەمە ئابووریەکانیەوە لەسەر ئاستی هەموو جیهان. سەرلەنوی جیهان بەخۆیدا دێتەوەو دەکەوێتەوە پرسیار لە داهاتووی مرۆڤایەتی. هەمان پرسیاری ڕابووردوو سەردەردێنێتەوە: ئایا سەرمایەداری سیستمێکی هەمیشەیی و نەمرە؟ ئەمەیش جارێکی تر دەمانخاتەوە پرسیار لەسەر پرنسیپەکانی کۆمۆنەو تێزەکانی مارکسیش دەربارەی یاسا ئابووریەکان کە ئایا ئەو یاسایانە بە کردەوە لە گۆڕاندان. خودی سەرمایەدارییش خۆی، لە ناکۆکیەکانیدا کە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، ڕایدەگەیەنێت:
سەرمایەداری ناتوانێت ئیدارەی کۆمەڵگا بکات، بە سەپاندنی دەسەڵاتی پۆلیسیانەو زەبروزەنگی بەردەوام نەبێت، وە مرۆڤیش ئاشنایەتی بە واقیعی مرۆڤ و مرۆڤایەتی پەیدا ناکات، تا جیهانی ئیغتراب تێپەڕ نەکات، ئەو جیهانەی سەلبی هەموو ئازادیەکی مرۆڤ دەکات و هەموو ئەو ڕەگەزە ئینسانیانەی کۆمەڵگا لێکدەترازێنێت کە لە سەرەتاوە، بە شێوەیەکی سروشتی، ژیانێکی کۆمۆنی دەسەپێنن. مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت هەڵسوکەوتێکی ئازادانە بکات، تا لە سیستمی سەروەرێتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا، ڕزگاری نەبێت، تا نەگەڕێتەوە ناو ژیانە کۆمۆنیەکەی، ئەمەیش کاری هەموو تاکێکە لە تاکەکانی کۆمەڵ نەک چەند سیاسیەکی بڵحی مشەخۆر کە بەسەر شانی کۆمەڵگاوە دەژین و هیچ بەشداریەکیش لە بەرهەمهێنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگادا ناکەن.
ئەوەی کۆمۆنە ئەنجامیدا، دوورخستنەوەی ئەو جانەوەرە سیاسیانە بوو لە کۆمەڵگاو دابین کردنی ئەو ئازادیە شەخسیە بوو کە بریاردان لە چارەنووسی تاکە کۆمەڵایەتیەکاندا، دەگێڕێتەوە بۆ ئەوان خۆیان، ئەمە بە پێچەوانەی ژیانی پەرلەمانیەوە، کە هەر چوار ساڵ جارێک، جەند دەموچاوێک دەگۆڕێت بە چەند دەموچاوێکی لەوان ئێسک گرانترو ئیتر هەموو شتێک، هەروەک ڕابووردوو، لە جێی خۆی دەمێنێتەوە.
کۆمۆنە نە تەرزێک بوو لە دەوڵەتی سۆڤێتی و نە تەرزێکیش لە پەرلەمانە دیموکراسیەکان. ناکۆکیەکانی مارکسیش لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی کە هەمان سیستمی چەوساندنەوەی مرۆڤە لە لایەن مرۆڤەوە، هەمان ناکۆکیە لەگەڵ دەوڵەتی سۆڤێتی. وە بەپێچەوانەی لایەنگرانی ئەو دوو فۆرمە سیاسیەوە لە سیستمی سەرمایەداری، مارکس بەرەبەیانی شۆڕشی پرۆلیتاری بەم جۆرە وەسفدەکات و دەڵێت:
لە بەرەبەیانی هەژدەی ئازاردا پاریس لە خەو ڕادەپەڕێت و وەک شریخەی هەورە بروسکە هاوار دەکات: بژی کۆمۆنە!
 (٦) مارکس و المارکسیة، محمد المثلوثی
(٧) دەربارەی شۆڕشی برجوازی و شۆڕشی پرۆلیتاری ڕووسی، بڕوانە:
(٨) سەرچاوە:
Written: Completed on 21 April, 1921
Source: Lenin’s Collected Works, 1st English Edition, Progress Publishers, Moscow, 1965, Volume 32, pages 329-365
http://www.marxists.org/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm