الثلاثاء، 5 فبراير 2013

گەرچی سەرمایەداریی گومانێکی زۆری لەگەڵ خۆی ھێناوە، هاوکات چەندین گومانیشی رەواندۆتەوە!



زاھیر باھیر      
- بەشی سێیەم (کۆتایی) -



گومانی سێھەم، دروسکردنی دەوڵەتی قەومی و بنیاتنانی دەسەڵاتی نیشتمانی: ‌

مەگەر گومانی دین لە بەرامبەر ئەم گومانەدا یەکسان بێت و دیاردەی ڕەوانەوەشی ھەر وەکو ئەو ڕوون و ئاشکرا بێت. ئەوەی کە خوازیارانی دەوڵەتی قەومی و دروستکەرانی دەسەڵاتی نیشتمانی بە گوێی خەڵکیدا دەدەن و لێیان دەکەنە ‌خولیای سەریان و مژدەی سەربەستی و ئازادی و یەکسانی و خێر و خۆشی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەکە و ناساندنی دەوڵەتەکە بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دوور لە دستتێوەردانی وڵاتانی بێگانە کە بە دروشمی بریقەداری وەکو " سامانی وڵات بۆ ڕۆڵەکانی وڵات"، " سامانی خۆمان بۆ خۆمان" ڕادەگەیەنن. ئەمانە ھەمووی جگە لە قسەی بێبنەمای زانیستیانە ‌و خۆڵکردنە چاوی ڕۆڵەکانی وڵاتەکە، چیدی شتێکی تر نییە.

چاوخشاندنێک بە سەرجەمی دەوڵەتە قەومییەکانی سەردەمدا لە ھەرە بەھێزەکەیانەوە کە ئەمەریکا و چینە تا ھەر لاوازەکانی کە ھندێک لە وڵاتانی ئەفریقایە، ئەو ھەقەتە دەبینیت کە نە دەوڵەتەکە نوێنەرایەتی و پارێزەری بەرژەوەندی تێکڕای ڕۆڵەکانییەتی و نە لە ھەقەتیشدا سەربەخۆیی ھەیە ‌و نە نیشتمانیشە. گەشەی سەرمایەداری و سیاسەتی عەولەمە و تێھەڵکێشبوونی ئابووری جیھان و ھەبوونی ھەزارەھا کۆمپانیای زەبەلاحی فرە ڕەچەڵەکی و ھاتنی قەیران بۆ یەکێکیان کاریگەری ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەسەر ئەوانی تریشیان دادەنێت. ئەم کاریگەرییە بە چەشنێکە کابرایەکی سوپەر دەوڵەمەندی وەکو ڕۆپەرت مەردۆخ، بیڵ گەیت ، جۆرج سۆرس و ئەوانی تریشیان لە شوێنی خۆیان پژمەیەک بکەن لەم وڵاتانەی دی، ھەڵامەت بڵاو دەبێتەوە.

لە سایەی دەوڵەتی قەومیدا تەنھا جیاوا‌زییەکە ئەوەیە کە دەوڵەمەندانی خۆماڵی کە چینێکن خۆیان باشتر دەگرن و لە ڕێگای حکومەتی قەومییەوە باشتر دەتوانن لەگەڵ بزنسمان و کۆمپانیا بێیانەکاندا دەست تێکەڵاوبکەن ، بۆ کارئاساییکردن لە دزینی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕوتکردنەوەی ھێزی کاری وڵاتی "ڕزگار بوو". ھەر وڵاتێک بگریت لە جیھاندا لەم بارەیەوە نموونەیەکە، بەڵام با تەنھا باس لە وڵاتی خواروی ئەفەریقا بکەم کە لە خەباتی چەندەھا ساڵی دوورو درێژیدا دژی ڕژێمی نەژادپەرستی پێشوو ، بۆ ھێنانەوەی وڵات و نیشتمانیان بۆ ژێر دەستی خۆیان بە ھەموو سەرچاوە سروشتی و نا سروشتییەکانیەوە.

زۆربەمان ئاگادارین کە چەندەھا ساڵ خەبات کرا ، خوێن ڕژێنرا، سەرکردە بەندکرا، خەڵکی برسی تر و دەربەدەر کرا تا ساڵی ١٩٩٤ کە توانییان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دروستبکەن و دەسەڵات لە ڕژێمی نەژادپەرست بسەننەوە، ئەی سەرئەنجام چی بوو؟ ئایا ئاوات و خەونەکانی خەڵکی ھەژاری ڕەشپێست لەو وڵاتەدا ھاتە دی؟

بێگومان حکومەتێکی قەومی لە ڕەشپێست دروستکرا ، دەوڵەتێک بنیاتنرا ، ھەرە زۆری کادیران و بەرپرسانی
ANC و کەسانی تری بەشداربووی ئەو خەباتە ، جێگاکانیان ھەر لە سەرکردەی دەوڵەتەوە تاکو ھەموو ئیدارە ‌و دەسگە دەوڵەتییەکان و نەقابەکان و نادەوڵەتییەکانیان پڕکردوە. بەکورتی ھەموو دەمووچاوەکان لەگەڵ ڕەنگەکاندا گۆڕان و بەڵام ئەوەی کە یا ھەر نەگۆڕا و بگرە ژیانیشی بەرەو خراپتر ڕۆیشتت یا ژیانی کەمێکیان بەحاڵ گۆڕاوە، ھەر لە شوێنی خۆیانن و دیسانەوە بە تەمەنێکی ترەوە و لەگەڵ نەوەیەکی نوێدا لە دژی حکومەتێکی تر کە خۆماڵییە، دەبێت درێژە بە خەباتیان بدەنەوە کە ئەم خەباتەیان دەیەھا جا‌ر سەختتر و خوێناوی تر دەبێت لەوەی پێشوویان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانقی جیھانی ‌ ناوەڕاستی مانگی جولای ٢٠١٢ دا کۆمەڵگەی خواروی ئەفریقا، ئەو کۆمەڵگەیە نەک لە دوای ساڵی ١٩٩٤ نەگۆڕا بەڵکو یەکێکە لە ھەرە کۆمەڵگەکانی جیھان لە ڕوی نایەکسانییەوە. لە ١٠٪ ئەو خەڵکانەی کە داران و دەوڵەمەندن لە ٥٨٪ داھاتی وڵاتیان لە دەستدایە، لە ١٠٪ی خەڵکە ھەژارەکەی کە لە پەراوێزی کۆمەڵگەکەدایە تەنھا لە ٠.٥٪ داھاتی ئەو وڵاتەیان لە دەستدایە. نەقابەی ناوەندی گشتی ڕێژەی بەتاڵەی لە نێوانی خەڵکە ڕەشەکەی کە لە تەمەنی کارکردندان بە لە ٧٥٪ خەمڵاندووە و لە بەرامبەر لە ٣٥٪ خەڵکە سپییەکە بۆ ھەمان تەمەن. مووچەی کرێکارێکی کانەکان کە لە ھەل و مەرجێکی زۆر نامرۆڤانەدا کار دەکات لە نێوانی ٣٠٠ بۆ ٧٥٠ پاوەندی بریتانییە لە مانگێکدا. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم وڵاتەدا کە نەخۆشی
HIV/Aids یان ھەیە لە بەرامبەر ژمارەی دانیشتوانەکەیدا زیاترە لە ھەموو وڵاتیکی تری ئەم جیھانە. لە دوای دروستکردنی دەسەڵاتی "خۆماڵی، نیشتمانی" ژمارەی خەڵکانی بێخانووبەرە، ژمارەی خەڵکانێک کە بەھۆی ئەوەی نەیانتوانیوە پارەی قائیمەی کارەبا و ئاویان بدەن ، کە سەرئەنجام بێکارەبا و بێئاو ماونەتەوە، زۆر زیاترن تا پێش ساڵی ١٩٩٤.

ئەمە ژیانی زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتەیە کە لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لە ٨٠٪ پلاتینی جیھان کە بەکاردەھێنرێت لە دروستکردنی زێڕو ئاڵتوون و شتی بەھای تردا ، لەوی بەر‌ھەمدەھێنرێت. ھاوکاتیش توێژاڵێکی باشی خەڵکەکەی لە کۆنە بەرپرسانی
ANC و نەقابەکان یەکجار دەوڵەمەند بوون. لە ئێستادا لە ٥٪ کۆمپانیاکانی بۆرسەی جیھانسبێرگ خاوەنەکانیان خەڵکانی ڕەشن. جاکوب زومای سەرەککۆماریش لە ساڵی پاردا ٤.٥ ملیۆن پاوەندی بریتانی تەنھا بۆ تازەکردنەوە و دەستپیاھێنانی نیشتەجێکەی لە دەرەوەی شاردا سەرفکردوە. لە کاتێکدا کە ئەم ھەموو برسێتی و نایەکسانێتی و نادادوەرێتی کۆمەڵایەتی دەبینیت ، سەرت سوڕنامێنێت لەوەی کە بزوتنەوەی جەماوەری دژی حوکمەت و ANC لە برەودایە و خودی ANC ش لە ساڵی ٢٠٠٨ دابوو بە دوو کەرتەوە.

لە نموونەیەکی تردا کە وڵاتێکی کۆنی ناوچەکەیە ‌ کە دەمێکە دەولەتی " نیشتمانی" خۆیان و فەرمانڕەاوی خۆماڵی خۆیانیان ھەیە، کە دەوڵەتی سعودییەیە ، ھەم وەکو یەکێک لە ھەرە دەوڵەتە " نیشتمانییە سەربەخۆکان" و دەوڵەمەنەکانی جیھان و ھەم وەکو دەوڵەتێکی ئیسلامی زۆر بە زەبت و ڕەبتیش ، چەند ئامارێک دەخەمە پێشچاوی خوێنەر:

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییە کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی ٠١/٠١/٢٠١٣ دا ھاتبوو چواریەکی دانیشتوانی ئەم وڵاتە لەژێر ھێڵی برسێتییەوە دەژین کە لە کاتێکدا داھاتی نەوتی ئەم وڵاتە ساڵی پار ٣٠٠ ملیار دۆلاری ئەمەریکی بووە بۆ تەنھا ٢٨ ملیۆن لە دانیشتوان. لە ‌ نێوانی ٢ بۆ ٤ ملیۆنن لە دانیشتوانەکەی داھاتی مانگانەیان تەنھا ٥٣٠ دۆلارە ، کە ڕۆژانە دێتە سەر ١٧ دۆلار ، ھەر لە ھەمان کاتدا داھاتی مەلیک عەبدوڵا بە ١٨ ملیار دۆلار قەبڵێنراوە. سێیەکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە تەمەنیان لەژێر ٣٠ ساڵەوەیە و لە ٤ بەتاڵە ٣ نیان تەمەنیان لە ٢٠ کاندایە. ئەمە واقیعی ئەو وڵاتەیە کە ھەتاکو ساڵی ٢٠٠٢ ش نکوڵی لە حەقیقەتی ھەبوونی ھەژاری و بێکاری کراوە. لەو وڵاتەدا سیستەمی باج لەسەر خەڵکی دەوڵەمەند نییە، ئەوەی کە لەوێ ھەیە دانی زەکاتە کە خەڵکە ھەرە دەوڵەمەندەکەش وەکو خەڵکانی تر تەنھا لە ٢.٥٪ی داھاتیان دەبەخشن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق