الخميس، 17 مارس 2011

كوردستان دەتوانێت ئێران و توركیاو سوریایش بەدوای خۆیدا بەكێش بكات

ئەنوەر نەجمەدین:








هیچ مبالغە ناكەین ئەگەر بڵێین: رۆڵی ڕاپەرینی كوردستان لە ئاست ئێران و توركیاو سوریادا، دەتواێت هەمان رۆڵَی ڕاپەرینی تونس بێت لەئاست دەستەلاتدارانی میسرو لیبیاو بەحرێن ویەمەن و عیراقدا. راپەرینی كوردستان مەترسیەكی گەورەی بەردەم دەستەلاتدارانی وولاتانی دەوروبەرە. بۆیە نەك هەر دەستەلاتدارانی كوردستان، بەلكو دەستەلاتدارانی دەوروبەر هەموویان، مەترسی پەڕینەوەی پریشكی ئەو راپەرینەیان هەیە بۆ وولاتەكانیان.

بە پێچەوانەی سەدەی رابووردووەوە، لەم سەدەیەدا، مەترسیی بەردەم دەستەلاتداران لە هەموو جیگایەك، هەروەك مەترسیی ئاگر كەوتنەوەیە لە دارستانێكی ووشكدا بەنزینی پێدا ڕژا بێت. قوولبوونەوەی تەنگوچەڵەمەی ئابووریی جیهانی، قوولبوونەوەی دەردە كۆمەلایەتیەكانە. دیارترینی ئەو دەردانە، بێكاری وكەمدەرامەتی و گیروگرفتی خانووبەرەیە كە هەموو سووچێكی ئەم دونیا بەرینەی گرتۆتەوە بە ئیران و توركیاو سوریایشەوە. بۆیە تا دێت شەری سەرشەقامەكان توندتر دەبنەوە، پەلاماردان و پێكاكێشان و رووبەرووبوونەوەی دەستەلات، فراونتر دەبن. وە هەر یەكێك لەو پەلامارانە، چەندانی لە چەشنی خۆیان، بەكێش دەكەنە گۆڕەپانی ناكۆكیە كۆمەلایەتیەكانەوە.
بۆیە زۆر ئاساییە، راپەرینی كوردستان لە فراوانبوونیدا، وولاتانی دەوروبەریش بگرێتەوە. بۆیە دەستەلاتدارانی ئەو وولاتانە هەموویان، بەتایبەت ئێران كە بەردەوام جموجووڵی شۆرشگیری تیایا دەچێتە سەرەوە، بەچاوێكی پڕ لە كینەوە دەرواننە راپەرینخوازانی كوردستان و زۆر دلخۆشیش دەبن بە بەر تەسككردنەوەی راپەرینی كوردستان و بەند كردنی لە بەرژەوەندی دەستەلات. ڕێ گرتن لە بلاوبوونەوەی ئاگری راپەرین بە شارەكانی تری كوردستاندا، لە هەمانكاتدا ڕێ گرتنە لە بلاوبوونەوەی ئەو ئاگرە بە وولاتە دراوسێكاندا كە ئێران و توركیاو سوریان. كوردستان لە هەر هەڵكشانێكی گەورە تری شەپۆلەكانیدا، عەرشی سیاسی هەموو ئەو وولاتانە دەلەرێنێتەوە، كە ئەوە خۆی بۆ خۆی بەشداریەكی گەورەیە لە پێشخستنی خەباتی سەرجەم شۆرشگێرانی ئەم دونیایەدا.
فراوانبوونێكی لەو جۆرە سەپاندنی یەكجارەكیی ئیرادەی جەماوەری راپەریوی كوردستان خۆیەتی بەسەر ئیرادەی تێكشكاوی دەستەلاتدا. بۆیە تا دێت بایەخی مێژوویی ئەم بزووتنەوەیەو قراوانبوونی، گەورەو گەورەتر دەبێت.
ڕێگرتن لە راپەرینی 17 شوبات، رێگرتنە لە بەر فراوانبوونی بزووتنەوەی جەماوەریی لە تەواوی ئەم ناوچەیەدا. وەختدان بە دەستەلات بۆ خۆچاككردن، وەختدانە بە خۆ ئامادەكردنی هیزە پۆلیسیەكانی ئەم ناوچەیەو پلانی هاوبەشیان بۆ تێكوپێك شكاندنی هەر هەوڵێكی داهاتوو بۆ فراوانبوونی بەری راپەرین.
فراوانبوونی هەر هێزێكی جەماوەریی لە هەر جێگایەك، فراوانبوونی بەری بزووتنەوەی جەماوەریە لە هەموو جێگاكانی تر، سەركەوتنی هەر هێزێكی جەماوەرییش لە هەر شوێنێك، لای كەم سەركەوتنێكی مەعنەویە بۆ هەموو هیزەكانی تری سەر شەقامەكان. بۆیە ڕاگرتنی هێزی جەماوەریی كوردستان بەبیانووی وەلامدانەوەی دەستەلات، هەوڵێكە بۆ تێشكانی بزووتنەوەیەك كە دەمێكە پەنگدەخواتەوە. دەبێت ئەو بزووتنەوەیە روو بكاتە مانگرتنی سەرتاسەری و پیكهێنانی ئەنجوومەنی سەرتاسەری بۆ رێكخستنی خەباتی سەرتاسەری.
زۆر دڵنیا بن: هەروەك چۆن هیچ هێزێك ناتوانێت ڕێ لە تەقینەوەی گڕكانێك بگرێت، ئا بەو جۆرە هیچ هێزێكیش ناتوانێت بەر لە تەقینەوەی راپەرینی جەماوەریی بگرێت، بەتایبەت جەماوەرێكی بریندار.
ئا لێرەوەو لەبەر رۆشنایی ئەم دەست نیشانكردنەدا، جارێكی تریش بانگ لە ئۆپۆزیسیۆن دەكەین: یەكلایی كردنەوەی هەڵوێست بۆ پاراستنی یەكڕیزیی جەماوەر، هەنگاوی یەكەمی سەركەوتنە. مۆڵەتدان بە دەستەلات، زەمینەسازیە بۆ سەركەوتنی دەستەلاتداران بەسەر ئیرادەی یەكگرتووی جەماوەردا. بۆیە كشانەوە لە پارلەمان، هەنگاوی یەكەمە بۆ پارچە نەكردنی بزووتنەوەی جەماوەریی. دەستەلات لەبەردەم جەماوەرێكی یەكگرتوودا، بە تەواوی كووڕبۆتەوە. وە ئەم چەند هەفتەیەی دواییش دەیسەلمێنن دەستەلات هیچی لە توانادا نەماوە مناوەرە نەبێت. قەتیس كردنی جەماوەریش لە گۆرەپانێكدا، زەمینەسازیە بۆ سەركەوتنی دەستەلات لە مناوەرەكانیدا، دەستەلاتێك كە ئیدارە دەگۆرێت بە پلەوپایەی سیاسی و بەكاری دێنێت بۆ مەبەستێكی فاسد و تالانكردنی چینە هەژارەكانی كۆمەلگا، ئەمە لە كاتێكا كۆمەلگا، پیویستی بە ئیدارەیەكە كاروباری رۆژانەی بۆ رێكبخات نەك بیچەوسێنێتەوە.
ئیستا ئیتر دەنگی راپەرینی كوردستانیش بە قوولایی جیهاندا ڕۆچووە، سەدای سەرای ئازادی لە هەموو جێگایەك دەنگدەداتەوە، ئەو دەنگە لە قوولایی جیهانی كەمدەرامەتی و بیكاریەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەت لە جیگایەكدا كە سامانی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە توانیادایە رژێمی دابەشكردن لە بەرژەوەندیی هەموو تاكێك لە تاكەكانی كۆمەل بسەپێنێت. بۆیە سەبارەت بە جەماوەری راپەریو، ژیاندنەوەی دەستەلات هیچ ناگەیەنێت، جەنگیكی ئینتحاری نەبێت لە پیناوی رزگار كردنی پیستەكەی دەستەلاتدا.
دەبا شەپۆلەكانی راپەرین نەكرێنە وەسیەلەیەك بۆ ئاودانی ڕەگە ووشكەكانی دەستەلات، لە كاتێكا كە ئەو شەپۆلانە لەتوانایاندایە ڕەگی بزووتنەوەی جەماوەریی لە ئێران وتوركیاو سوریایشدا ئاو بدەن. ئەمرۆ هەموو زەمینەیەكی لەبار ئامادەیە بۆ ململانێیەكی چارەنووسساز لە هەموو ئەم ناوچەیەدا. ئەمرۆ شۆرشگیرانی كوردستان، شوباتیەكان، دەتوانن ببنە پشتوپەنای هەموو هەژارانی ئەم ناوچەیە.
دەبا راپەرین لە شەقامەكانەوە تێپەڕ بكات بۆ داخستنی دەرگای كارگەكان و كۆمپانیا زەبەلاحەكان و فەرمانگەكان!
دەبا شوبات ببێتە مەشخەڵی راپەرینێكی بەرفراوان بۆ لەرزاندنەوەی عەرشی خوایی هەموو دەستەلاتدارانی ئەم ناوچەیە!

سەركەوتوو بێت راپەرینی مەزنی شوباتیەكان!


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق