السبت، 18 مارس 2017

کۆمۆنیزم و ئاین

هاوڕێم (زانیار زەینەب) دەپرسێت:
پرسیارێک هەیەو تینووم: دەکرێت کەسێک هەم دیندارو هەم کۆمۆنیستیش بێت؟ قسەی کۆمۆنیزم لەسەر ئەمە چیە؟
با لە مارکسەوە دەست پێبکەین. ئەو بەر لە ١٧٠ ساڵ لەمەوبەر، دەربارەی ئەو فەیلەسوفە ساویلکانەی ئەڵمان کە ڕزگاری مرۆڤ بە ڕزگار بوونیان دەزانن لە ئاین، دەنووسێت:
بەلای ئەو فەیلەسوفانەوە: "هەتا ئێستا، بە بەردەوامی، مرۆڤ تێڕوانینی هەڵەی لەبارەی خۆی و ماهیەتی خۆی و ئەوەیشەوە دروست کردووە کە دەبێت بیکەن. ئەوان پەیوەندیەکانی خۆیان لەسەر باوەڕەکانیان دەربارەی خواو مرۆڤی سادە و هتد ڕێکخستووە. وە ئیتر ئەم بەرهەمانەی عەقڵی خۆیانیان بە ئاستێک گەورە کردووە کە هەیمەنەی کردووە بە سەریاندا .. وە ئیتر یەکێکیان دەڵێن دەبا مرۆڤ فێر بکەین ئەم بیرانەیان بەجۆرێک بگۆڕن کە بگونجێت لەگەڵ ماهیەتی مرۆڤ (مارکس مەبەستی فیۆرباخە)، یەکێکی تریشیان دەڵێت با هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەیان بەرامبەر وەربگرین (مارکس مەبەستی برۆنۆ باوەرە)، سێهەمیشیان دەڵێت با ئەو بیرانە لە سەریان داماڵین (مارکس مەبەستی شترنرە)؛ وە –ئیتر ئەم واقیعەی ئێستا هەرەس دەهێنێت.
ئەم وەهمە ساویلکەو مناڵانەیە، کرۆکی فەلسەفەی نوێی هیگڵیە لاوەکان پێکدەهێنێت" (مارکس، الايديولوجية الالمانية، ل : ١٩.)
ئەوەی کۆمۆنیزم بە دژە ئاین دەزانێت، ئەوە هێشتا لە شەڕی نێوان فەلسەفەکاندا خەوتووەو لەدووی وەڵامی پرسیارێکی فەلسەفی دەگەڕێت کە نزیک و دوور، پەیوەندی بە کۆمۆنیزمەوە نیە: کامیان یەکەمن؛ ماددە یان ڕۆح؟
ئەوەی لەو پرسیارە فەلسەفیە ساویلکانەیەوە دەستپێدەکات، ئەوە هێشتا لە زەمینەی کۆمۆنیزمەکەی باوکە ڕوحانیەکەی مارکسیزمی ڕووسیەوە (بلیخانۆف) دەڕوانێتە پرۆلیتاریاو ئایندەی بزووتنەوەکەی، ئەوانە لە مەیدانی شەڕی ماددەو یەزداندا گیریان خواردووەو وا دەزانن پێکهاتنی چینێکی کۆمەلایەتی بەرامبەر بە چینی دەسەڵاتدار، یانی سوپایەکی ملحد، ئەو سوپا وەهمیەی بوونی نەبووەو بوونیشی نابێت. کەسیش لە برجوازیەکان ملحد تر نین، خۆ ئەگەر ئیلحاد هۆشیاریی شۆڕشگێریە بۆ لەناوبردنی سەرمایە، ئەوا ئەمە پێویستی بە پرۆلێتێرە سۆشیالیستیەکان نیە، چونکە ئیلحاد لە برجوازیەکان خۆیانەوە، سەریهەڵداوە.
مارکس لە ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیدا دەنووسێت:
"ئێمە هەر لە پێشدا ئەوە دەزانین؛ ئەوە هەر وەهمێکی کۆنە دەربارەی (ڕزگار بوون لەم سیستمە) وای دادەنێت، دەوڵەت هەر لە خۆیەوە هەرەس دەهێنێت ئەگەر هەموو ئەندامەکانی وازی لێبهێنن، وە پارەیش هەموو بەهایەک وون دەکات ئەگەر هەموو کرێکاران وازیان لێهێنا .." (مارکس، الايديولوجية الالمانية.)
دووبارە دەڵێت:
"ئەمەیش هەر ئەو وەهمە کۆنەیە کە گوایە گۆڕینی ئا ئەم مەرجانەی ئێستا گۆڕینی فیکرە. ئەم ئارەزوومەندیە بۆ گۆڕینی هۆشیاری، خۆی هۆشیاریەکی دابڕاوە لە مەرجە پراکتیکیەکان" (مارکس.)
گۆڕانکاری میژوویی ئایندە، بە بزووتنەوەی پرۆلێتێرە سۆشیالیستەکان دەکرێت نەک بە عەقڵی ڕۆشنبیرە ملحدەکان، ئەو بزووتنەوەیەی چ پەیوەندیەکی بە ئیلحادەوە نیە، بەڵکو جەنگێکی چینایەتیە لەگەڵ داگیرکارانی موڵکیەت و لێسەندنەوەی موڵک وماڵی گشتی لێیان. لەو جەنگەدا، ژمارەی پرۆلێتێرە ئایندارەکان ئێجگار زیاترە لە ڕۆشنبیرە ملحدەکان.
مارکس مێژووی ئیلحادو کۆمۆنیزم، بەم جۆرەی خوارەوە، لێکجیادەکاتەوە:
"کۆمۆنیزم لە سەرەتاوە (لە ئۆین) ەوە بە ئیلحاد دەستپێدەکات. بەڵام ئیلحاد هەر لە سەرەتاوە دوورە لەوەی کۆمۆنیزم بێت ...

.. ئیلحاد بە لەناوبردنی خوا دادەنرێت. کۆمۆنیزم بە لەناوبردنی موڵکدارێتی تایبەتی دادەنرێت .. ئیلحاد مرۆڤایەتیەکە بە لەناوبردنی دین لەگەڵ خۆیدا یەکدەگرێتەوە، ئەمە لەکاتێکا کۆمۆنیزم مرۆڤایەتیەکە بە لەناوبردنی موڵکدارێتی تایبەتی، لەگەڵ خۆیدا یەکدەگرێتەوە. هەر تەنها لە ڕێگای لەناوبردنی ئەم نێوەندگیرەیشەوەیە -کە ئەمە هەر بۆ خۆیشی پێشینەیەکی پێویستە -مرۆڤایەتیەک لەدایک دەبێت ئیجابی لەزاتی خۆیدا، مرۆڤایەتیەکی ئیجابی" (مارکس، مخطوطات عام 1844 الاقتصادية والفلسفية.)

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق