الثلاثاء، 5 فبراير 2013

گەرچی سەرمایەداریی گومانێکی زۆری لەگەڵ خۆی ھێناوە، هاوکات چەندین گومانیشی رەواندۆتەوە!



زاھیر باھیر      
- بەشی یەکەم -



سەرمایەداریش وەکو سیستەمەکانی پێش خۆی گومانێکی زۆری بە بەشەریەت داوە، گەرچی لە ‌سەرەتادا گرانبوو تاکو خەڵکی لە تەواوی ئەو گومانانە تێبگات و ژیانی خۆی پێوە نەبەستێتەوە، بەڵام لەگەڵ نشوونماکردنی زیاتریدا و پرا‌کتیزەکردنی لە زەمینەی واقیعدا نەک خەڵکی حەقەتی گومانەکانی بۆ دەرکەوت، بەڵکو وردە وردە لە ڕەتکردنەوەیاندایە و بەگژی خوودی سیستەمەکەشدا دەچنەوە.

لە ھەرە گومانە سەرەکییەکانی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسییەکەی بە دیکتاتۆریەت و دیمۆکراسییەت و لیراڵ و نیو-لیبراڵیەوە : سەربەستی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەک نەتەوە و (
One Nation) ھێنانی خێر و خۆشی بۆ سەرجەمی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە و ڕزگاربوونیان لە سیستەمی بەندایەتی و گەلێکی ترن لەمانە. ئەزموونەکانی ڕۆژانەی ئەو سیستەمە ‌و بەرەنگاربوونەوەی ملوێنەھا خەڵکی لەگەڵ خودی سیستەمەکەدا لە سەرانسەری ئەم جیھانەدا، ئەوەمان نیشاندەدەن دروشمەکانی سەرمایەداری بۆیان، جگە لە گومان شتێکی دیکە نەبووەوە نییە.

بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەو نەھامەتییانەی کە ئەم سیستەمە بۆ تەواوی بەشەرییەت و سروشتیشی ھێناوە، خۆشبەخاتانەش لە پرۆسەی زیاتری گەشەکردنیدا بەتایبەت لە ئێستادا کە وەک سیستەمێکی جیھانی بەھۆی سیاسەتی جیھانگیرییەکەیەوە، گەلێک گومانیشی ڕەواندۆتەوە.

من لێرەدا تەنھا باس لەو گومانە سەرەکییانە دەکەم کە لە ڕەواندنەوەدان و چیدی زەمینەیەکی واقیعییان بۆ نەماوەتەوە تاکو خۆیانی لەسەر ڕاگرن . ھەڵبەتە ئەمەش لەسایەی ئەو چڕبوونەوە چینایەتییەدایە، لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا کە ھەر یەکێک لە ئێمەی چ وەکو تاک و پارت و ھەتا ڕژێمیشی خزاندۆتە ناو بازنەیەکەوە ‌و سنوو‌ری خۆی بۆ دیاریکراوە.

گومانی یەکەم دین و مەزھەبە: ھەڵبەتە من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە،‌ کە نکوڵی لە وجودی دین و مەزھەب بکەم، چونکە ئەوە ئاشکرایە ئەم دوانە گەر وەکو کێشە و مەسەلەیەکی سیاسیش نەبووبێتن لە سەرەتادا، ھەمیشە وەکو مەسەلەیەکی ڕۆحی وابوون بۆ تاکەکانی ناو کۆمەڵگە ‌و بۆ پەیوەندییەک لە نێوانی خۆیان و ئەوەی کە ناویان لێناوە خواکانیان، بۆ سەبووریدان بە دڵی خۆیان و گەڕانەوەی ئارام و ئاسایش و دڵنیایی و ھیواو ئومێد بۆ دڵی خۆیان. ھەر کاتێکیش خەڵکی سەربەستی بیرکردنەوە و پراکتیزەکردنی ئەم مافە ئاسایانەی خۆی لێزەوتکرابێت ، بێگومان کێشەو گیروگرفت دروستبووە ‌و چەندھا جاریش توندوتیژی خوێنڕشتنیشی بەخۆوە گرتووە.

بەڵام دین، مەزھەب دەبێتە گومان کاتێک لەو بازنەیەی سەرەوە کە باسم کرد، دەردەکرێت و پارتێکی سیاسی بۆ دروستدەکرێت و ئەجەندەی سیاسی و ئامانجی سیاسی بۆ دادەنرێت و بیر لەوە دەکاتەوە کە ‌ دەسەڵاتی خوا لەسەر زەوی و بەھەشتێک لە جیھانی واقیعدا کە دۆزەخێکە بۆ زۆربەمان، دروستبکات و وشە بە وشەو دێڕ بە دێرو بڕگە بە بڕگەی ئەوەی کە لە کتێبە ئاسمانیەکاندا، ھەیە، یا لە دەمی پەیامنێرەکانەوە درچوون، ھەر ھەمووی بە زیادەوە بەئەنجام بگەیەنرێت و بخرێتەگەڕ. ئیدی ئا ڵێرەوە تەونی جاڵجاڵۆکەی گومان دەتەنرێ و دواتریش وردە وردە ئەو تەونە لە واقیعدا ھەڵدەوەشێتەوە ‌و دەبێتەوە بە گومان.

گەشەکردنی سەرمایەداری چ لە بواری تیوریدا و چ لە بواری عەمەلیدا، دەتوانم بڵێم بۆچوون و تێڕوانینی دینیانەی ھەڵوەشاندۆتەوە و گومانی تری لە جێگادا داناوە. چاوخشاندنێک بە ھەموو ئەو داھێنانەی کە سەرجەمی زانستەکان لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا ، کە پێویست ناکات ناونوسیان بکەم ، بەدەستیانھێناوە ، حەقیقەتێکە ‌و نکوڵییان لێناکرێت. ھەر ھەموو ئەمانەش بە ئاشکرا پێگە ‌و ڕێگەی دین و ئاینەکانیان ، بەتایبەت ئاینی موسڵمانانیان ، لاواز کردوە و بەڵگە ‌و شاھیدێکی وایان بەدەستەوە نەھێڵاوە،‌ کە توانا و وزە ‌و ئیمکانیات و بەستنەوەی ھیوا و ئومێد و ڕودانی کارەساتە سروشتییەکان و بەشەرییەکانیش، سەرچاوەکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ کەسێک ، ھێزێک ، کە لە دەرەوەی دونیای مەوجووددا خۆی حەشار داوە ‌و خاوەنی ئەو ھێزەیە کە دەتوانێت ھەموو شتێک بکات و بەئەنجامی بگەیەنێت.

لە ھەمان کاتێشدا زەمانە لە واقیعی ژیانیشدا ، ئەو ھەل و کاتەی بۆ نوێنەرانی موسڵمانان ، کە پارتە سیاسیاکانن بە ھەموو جۆرەکانیانەوە، ڕەخساندووە کە بڕوا و بەرنامە و ستراتیجییەتی خۆیان ، لە ھەندێک شوێندا ،( من لێرەدا ناگەڕیمەوە بۆ ئاینی موسڵمانان لە سەردەمی ئەمەوییەکان و عەباسییەکان و ێەفەوییەکان و عوسمانییەکان، زیاتر باس لە دین دەکەم لەسەردەمی چڕبوونەوەی کاپیتاڵیزم دا) کە ماوەیەکی گەلێک دوور و درێژە بەتایبەت لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابوردووە تا ئێستاش، کە فەرمانڕەوایی وڵاتانێکن و نوێنەرایەتی خوا و خەلیفەی ئیسلامن، لەو شوێنانەدا.

گەرچی ئەم نوێنەرانە چ لە دەرەوەی فەرماڕەوایی و چ لەسایەیدا باوەڕی تەوایان بەجێبەجێکردنی بەرنامەکەی پێش گەیشتن بە کورسی فەرمانڕەواییان ، ھەیەو دەیانویست یا دەیانەوێت بە ھەموو وردوو درشتێکیەوە، جێگیری بکەن و بیسەپێنن بەسەر وڵات و کۆمەڵگەکەدا، کەچی ئێستا بە ئاسانی ھەستی پێدەکەن کە لە چ جەنگێکدان چ لەناوخۆی وڵاتدا و ھەروەھا لە سەر ئاستی " کۆمۆنێتی نیودەوڵەتی" ش بۆ سەپاندنی ئەوەی ک پێشتر ئیدیعا و ڕێکلامەیان بۆ دەکرد و بۆدەکەن.

ئەمەش کە بۆیان ناکرێت نە لاوازییان نیشاندەدات و نە خوازیاریشن لە پاشەکشەکردن لە بیروباوەڕیان، بەڵکو بەھێزی خوودی سیستەمەکەیە ‌و ھێزی ناڕەزایی خەڵکییە، کە ڕێگرە لە ئەدادانی ئەوەی کە ئەو نوێنەرانە دەیانەوێت.

کاپیتاڵرم وەکو سیستەمێکی جیھانی کامیل بەھەموو دەسگە و ئیدارەکانییەوە کە ھاتۆتە ناو ھەموو کون و کەلەبەرێکی ژیانمانەوە ، بۆ ئیسلام کارێکی مەحاڵە بتوانێت سیستەمێکی ئیسلامی پوخت (نقی) یا ھەتا جیاش لە سیستەمی مەوجود ، بەو بەرنامە کۆنە زیاد لە ھەزار ساڵییەوە کە ھەیەتی دروست بکات. ھاوکات ڕەنگە ئەمە ئاسان بێت بۆ کۆمۆنێتیەک یا کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بناغەی ئیدارەکردنی زاتی خۆیان و پێکەوە ژیانی دەستە جەماعی و ژیانی کۆمۆنەیی و بێ ھەبوونی ئیدارەیەکی بیرۆکراسی و بێ پشتبەسستن بە پارە و پێداویستییەکانی تر کە بە پارە پەیدادەکرێت و کە لە دەرەوەی خۆیانە،‌ بەدەستبھێنرێت، ئەمە کارێکی ئاسان بێت، بەڵام ئەزموونەکان و ڕوداوەکانی پێشوو ئەمانەی ئێستاش، سەلماندی بۆ ئیسلام و دینی ئیسلامی جا لە ھەر بستێکی ئەم زەمینەیەدا بێت، ئەمە کاری کردە نییە و مەحاڵە.

دروستکردنی ئیدارەیەکی بیرۆکراسی، قوتکردنەوەی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ھەر شێوەیەکدا بێت ھەر میکانیزمێکی بەڕێوەبردنی ھەبێت، بورغویەکی بچوک دەبێت لە ماشێنی گەورەی کاپیتاڵیزم یا ئەوەتا دەبێت سلاک بێت یاخود دەبێت لەگەڵ ئەوانی تردا بەردەوامی بدات بە سوڕانی ماشێنەکە و کێبڕکیە چینایەتییەکە خەستتر بکاتەوە .

ئەزموونەکانی ئێران و ئەندەنوسیا و مالیزیا و تورکیا و وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئەوانەشی کە بە " بەھاری عەرەبی" بەتایبەتی لە میسردا، ناسراون، نەک ھەر بە تەنھا ئەوەی سەلماند کە گومانە،‌ بەڵکو ناوەرۆکی کێشەکەشی بە تەواوی خستە ڕوو ، کە مەسەلە ئاینی و دینییەکە تەنھا ڕووکەش و توێکڵی مەسەلەکانن و جەوھەری کێشەکان چینایەتیە. ھەربۆیەش جێگای سەرسوڕمان نییە کە لە سایەی ھەر یەکێک لەو حکومەتە ئیسلامیانەدا ئەوەی کە زیاتر دەرکەوتوە چڕبوونەوەی مەسەلە چینایەتییەکەیە، خزمەتکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمەکە ‌و سەرمایەداری جیھانییە، پەیڕەوکردن و چەسپاندنی سیاسەتەکانی دەسگە دراوییەکانی جیھانی و بانقەکەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و "کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی" یەو ڕێزگرتن و پەیڕەوکردنی یاساکانی سەرمایەدارییە لە زیادکردن و قوڵبوونەوەی نەبوونی ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤ و نادادوەرێتی کۆمەڵایەتیدا. گەر تەماشای ھەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک لە میسر بکەین کە لە ڕۆژی ١٦-١٧/١٢/١٢ لەلایەن (مۆرسی)یەوە، کە ھەندێک پێداویستی ، بەرێژەی لە ١٠٠٪ دەبوایە بچوایەتە سەرەوە لە بەرامبەر قەرزپێدانی میسر بە بڕی ٤.٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکی ‌ لەلایەن ێندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە ، باشترین بەڵگەن بۆ قسەکانی سەرەوە.

١٢\١\٢٠١٣ - لەندەن

گەرچی سەرمایەداریی گومانێکی زۆری لەگەڵ خۆی ھێناوە، هاوکات چەندین گومانیشی رەواندۆتەوە!



زاھیر باھیر      
- بەشی دووەم -



گومانی دووهه‌م: مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌، من لێره‌دا دیسانه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌مه‌وه‌، کاتێک که‌ میلله‌تێک، نه‌ته‌وه‌یه‌ک سه‌رجه‌می مافه‌کانی پێشیلده‌کرێت و زه‌وی و سامان و ده‌رامه‌ته‌ سروشتیه‌کانی و ناسروشتییه‌کانی لێده‌دزرێت و سوکایه‌تی به‌ خودی تاکه‌کانی و کوڵتورو زمان و " موقه‌ده‌ساته‌کانی" ده‌کرێت، بێگومان ده‌بێته‌ کێشه‌ و پێویستی به‌ دۆزینه‌وه‌ی حه‌ل هه‌یه.

به‌ڵام له‌ کاتێکدا که‌ پارتێکی سیاسی درو‌ست ده‌بێت و ئیدیعای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌کات و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یه‌وێت سنوری چینایه‌تی ببه‌زێنێت و هه‌مووی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاره‌وه‌ بخاته‌ یه‌ک قاڵبه‌وه‌، یه‌کڕیزه‌وه‌ و چه‌ند ڕابه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی بۆ بکاته‌ مڵۆزم و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتیان بداته‌ ده‌ست و خه‌ڵکیش وا ڕابهێنن که‌ ته‌قدیسیان بکه‌ن و بیانئاڵێننه‌ شه‌ڕێکی درێژخایه‌نی خوێناوییه‌وه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی چینێکدا یاخود چه‌ند توێژاڵێکدا، ئیدی ئه‌و کاته‌ گه‌رچی کێشه‌که‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت به‌ڵام ورده‌ ورده‌ ڕه‌نگی ئه‌سڵی مسه‌له‌که‌ کاڵده‌بێته‌وه‌ و تاوای لێدێت کاتێک که‌ سه‌رنجی سه‌رئه‌نجامه‌که‌ی و داهاتوی ده‌ده‌یت، ده‌بێته‌ گومان، یا کراوه‌ته‌ گومانێک و هیچی ترنا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ناوه‌رۆکی کێشه‌که‌ مه‌سه‌له‌ی چیانیه‌تی و ئابورییه‌، که‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ " نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست" بۆ مه‌به‌ستی ئابووری ئه‌و " نه‌ته‌وه‌ی" تر ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌، هه‌میش " نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه‌" ش بۆ مه‌به‌ستی ئابووری به‌گژ ئه‌وی تردا ده‌چێته‌وه‌ و کێشه‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌که‌ی تردا.

لێره‌دا نموونه‌یه‌کی زۆرمان له‌ سه‌رده‌می کۆن و نوێشدا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ، هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان کێشه‌ی کوردی، فه‌له‌ستینه‌یکان، تامیلییه‌کان... تا ده‌گاته‌ چه‌نده‌ها بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری که‌ هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، له‌ شوێنه‌ جیاجیاکانی تردا، دروستکراون.

گه‌ر به‌وردی ته‌ماشا بکه‌ین ده‌بینین که‌ گومانه‌که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێده‌کات ، که‌ پشتبه‌ستنه‌ به‌ هێزێک به‌ ده‌وڵه‌تێک که‌ خۆی ئازادییه‌کانی له‌ خه‌ڵکی تر زه‌وتکردوه‌، یا به‌لانیکه‌مه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ وڵاتانی پشتپێبه‌ستراو نه‌ک هه‌ر خۆیان مێژوویان نییه‌ یا مێژوویه‌کی زۆر که‌میان هه‌یه‌ له‌ پشتگیریکردنی گه‌لانی مافخوراودا‌ ، به‌ڵکو ته‌واوی ده‌رامه‌ت و حه‌زاره‌ت و پێشکه‌وتنی خۆیان له‌سه‌ر حسابی ئه‌و گه‌لانه‌ دروستکردوه. به‌شی زۆری مێژووی کۆن و نوێی ئه‌مان زه‌وتکردنی مافی نه‌ته‌وه‌کانی تر و هه‌تا وڵاته‌کانیشیانه‌ ، به‌تاڵان هێنان و دزینی سه‌رجه‌می به‌روبوومی سروشتی و ناسروشتیانه‌. جا له‌ حاڵه‌تی ئاوادا پشتبه‌ستن به‌و هێزانه‌ گه‌ر گومان نه‌بێت، ده‌بێت چی بێت؟!!

دواتریش له‌ ڕێڕه‌وی ئه‌و خه‌باته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ی که‌ ده‌یکه‌ن و دێته‌دی نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پێشتر ئیدئعایان بۆ ده‌کرد ناتوانن یا نایکه‌ن به‌ڵکو له‌ لایه‌که‌وه‌ ده‌بنه‌ سه‌رکوتکه‌ری خۆماڵییان له‌ لایه‌کی تریشه‌وه ‌که‌لێنی نێوانی دارایان له‌لایه‌ک و نه‌بووان له‌لاکه‌ی تره‌وه‌، له‌ ‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیانیاندا‌ فراونتر ده‌که‌ن. باشترین نموونه‌ی زیندوو کوردستان و فه‌له‌ستین و خواروی ئەفه‌ریقایه‌ نموونه‌ کۆنه‌کانیش هه‌ر هه‌موو بزوتنه‌وه‌کانی خوارەوی خۆرھەڵاتی ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و .... شوێنه‌کانی ترن‌.

له‌ نموونه‌ی فه‌له‌ستین و تامیلیه‌کان و کوردستاندا، ئه‌م سه‌رکرده‌ و پارتانه‌ نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانی له‌ سنوری گومانه‌کانیشیاندا بمێننه‌وه‌، به‌ڵکو ڕووداوی دڵته‌زێن و جه‌رگبڕیان به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌یاندا هێنا و بێئومێدیه‌کی گه‌وره‌شیان بۆ هاوڵاتییانیان حاسڵکرد. بۆ نموونه‌ فه‌له‌ستینیه‌کان پاش ئه‌م هه‌موو خوێنڕشتن و وێرانکاری و یه‌کتر کوشتنه‌ و بوون به‌دوژمنی یه‌کتری،‌ له‌حاڵی حازردا ته‌نها له‌ ٥.١٨٪ هه‌تا که‌متر له‌مه‌شیان له‌خاکی فه‌له‌ستین به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌، پێشبینییه‌کان بۆ ئاینده‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش له‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌‌دا، بێت‌.

له‌ نموونه‌ی تامیلییه‌کاندا، ئه‌وه‌ تا ئێستاش به‌ته‌واوی نه‌زانراوه‌ که‌ قوربانییه‌کانی که‌سانی ناوخودی بزوتنه‌وه‌که ‌و هاووڵاتیان و به‌ره‌ی میریش چه‌نده‌. له‌ دواهێڕشی تیرۆریستیانه‌ی حکومه‌تی سریلانکه‌دا ، تا ئێستاش ژماره‌ی قوربانیان به ئامارێکی پشتڕاسکراوه‌وه‌‌ نه‌خراوه‌ته‌ پێشچاو، هه‌ندێک ئامار قوربانیه‌کان له‌و قه‌سابخانه‌یه‌دا به‌ ١٣ هه‌زار و ئه‌وانی تر به‌  ٢٠ و ٣٠ هه‌زار ده‌قه‌بڵێنن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ زانراوه‌ و ڕوونه‌ لای گه‌لێکمان بێئومێدبوونی خه‌ڵکی و تووشبوونی خه‌ڵکێکی زۆر به‌ نه‌خۆشی که‌ئابه‌ و بێتاقه‌تی و ونکردنی بڕوابوون به‌خۆ و به‌ خه‌باتی ئاینده‌ له‌لای گه‌لێکیان، بووه‌ته‌ کاری ڕۆژانه‌یان. ئه‌مه‌یان لای من وه‌کو مه‌سه‌له‌یه‌کی سایکۆلۆجی و باوێتی بێبڕاویی کاریگه‌رییه‌که‌ی زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌ له‌ده‌ستدانی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بوونه‌ته‌‌ قوربانی.

له‌ نموونه‌ی کوردستانیشدا ، ئه‌وه‌ با واز له‌وه‌ بهێنێن که‌ چه‌ند کوژراوه‌ و ماڵوێران بووه‌ و ، ئه‌نفالکراوه ‌و به‌ کیمیاوی لێیدراوه‌ و دروستکردنی دووژمنایه‌تی نه‌ک له‌ نێوانی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ڵکو خێڵ و ناوچه ‌و حیزبه‌کانیشدا. با لێره‌دا ته‌ماشای ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ چه‌ندێک خاکمان به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ له‌ حاڵی حازردا، که‌ له‌ کاتێکدا مه‌سه‌له‌ی خاک و نیشتمان یه‌کێک بوو له‌ گومانه‌کانی که‌ حیزبه‌ کوردییه‌کان و سه‌رکرده‌کانیان و میدیاکه‌یان ، که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌ر‌هه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌که‌یانه‌وه‌ تاکو ئێستاش به‌ ئێمه‌ی ده‌فرۆشنه‌وه‌‌. من لێره‌دا ئامارێکم به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ که ئه‌وه‌ نیشان بدات ‌ له‌ سه‌دا چه‌ندی ئه‌سڵی خاکی کوردوستانمان به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم که‌ به‌شێکی زۆریمان له‌ده‌ست داوه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ من لێره‌دا ناڵێم که‌ خه‌ڵکی نابێت ڕووبه‌ڕوی زوڵم و زۆرو زه‌وتکردنی ماف و ئیهانه‌کردن و سووکایه‌تی پێکردن، نه‌بێته‌وه‌‌. مه‌سه‌له‌ی به‌گژاچونه‌وه‌ی زوڵم و زۆر، پێداگریکردن له‌ مافه‌کانی خۆت ، مه‌سه‌له‌یه‌کن که‌ نابێت خه‌ڵکی بۆ چرکه‌یه‌کیش لەسەریان ڕاڕابێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ من له‌گه‌ڵیدا نایه‌مه‌وه‌ شێوه‌ی خه‌باته‌که‌یه ‌و به‌ده‌رکردنی کێشه‌کانه‌ له‌ بازنه‌ی ئابووری و چینایه‌تی کێشه‌کان و درۆوده‌له‌سه‌کردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵکییه‌، که‌ سه‌رئه‌نجام کێشه ڕه‌واکه‌ی که‌ مه‌وجووده‌، ده‌کاته‌ گومان. ‌

به‌کورتی وجودی گومانه‌که‌ دوولایه‌نه‌یه‌، یه‌که‌میان که‌ مه‌سه‌له‌که ده‌که‌نه‌‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌موو خه‌ڵک ‌و سه‌رئه‌نجامه‌که‌شی گو‌ایه‌ هه‌موو خه‌ڵک وه‌کو یه‌ک سوود و قازانجی لێده‌کات، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا ده‌زانین که‌ چۆن بزوتنه‌وه‌کان به‌تایبه‌ت بزوتنه‌وه‌ی کوردی بۆ چ مه‌به‌ستێک ‌ دروستبووه‌. لایه‌نی دووهه‌می گومانه‌که‌ مژده‌دانه‌ به‌ دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی قه‌ومی که‌ گوایه‌ هه‌ر هه‌موو هاووڵاتیان له‌ سایه‌یدا یه‌کسسان و ئازاد ده‌بن، دروستکردنی ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتمانی دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی "بێیانه‌" که‌ ئه‌مه‌شیان هه‌ر وانییه‌. من له‌ گومانی سێهه‌مدا دێمه‌وه‌ ‌ سه‌ر ئه‌م خاڵه‌‌

گەرچی سەرمایەداریی گومانێکی زۆری لەگەڵ خۆی ھێناوە، هاوکات چەندین گومانیشی رەواندۆتەوە!



زاھیر باھیر      
- بەشی سێیەم (کۆتایی) -



گومانی سێھەم، دروسکردنی دەوڵەتی قەومی و بنیاتنانی دەسەڵاتی نیشتمانی: ‌

مەگەر گومانی دین لە بەرامبەر ئەم گومانەدا یەکسان بێت و دیاردەی ڕەوانەوەشی ھەر وەکو ئەو ڕوون و ئاشکرا بێت. ئەوەی کە خوازیارانی دەوڵەتی قەومی و دروستکەرانی دەسەڵاتی نیشتمانی بە گوێی خەڵکیدا دەدەن و لێیان دەکەنە ‌خولیای سەریان و مژدەی سەربەستی و ئازادی و یەکسانی و خێر و خۆشی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەکە و ناساندنی دەوڵەتەکە بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دوور لە دستتێوەردانی وڵاتانی بێگانە کە بە دروشمی بریقەداری وەکو " سامانی وڵات بۆ ڕۆڵەکانی وڵات"، " سامانی خۆمان بۆ خۆمان" ڕادەگەیەنن. ئەمانە ھەمووی جگە لە قسەی بێبنەمای زانیستیانە ‌و خۆڵکردنە چاوی ڕۆڵەکانی وڵاتەکە، چیدی شتێکی تر نییە.

چاوخشاندنێک بە سەرجەمی دەوڵەتە قەومییەکانی سەردەمدا لە ھەرە بەھێزەکەیانەوە کە ئەمەریکا و چینە تا ھەر لاوازەکانی کە ھندێک لە وڵاتانی ئەفریقایە، ئەو ھەقەتە دەبینیت کە نە دەوڵەتەکە نوێنەرایەتی و پارێزەری بەرژەوەندی تێکڕای ڕۆڵەکانییەتی و نە لە ھەقەتیشدا سەربەخۆیی ھەیە ‌و نە نیشتمانیشە. گەشەی سەرمایەداری و سیاسەتی عەولەمە و تێھەڵکێشبوونی ئابووری جیھان و ھەبوونی ھەزارەھا کۆمپانیای زەبەلاحی فرە ڕەچەڵەکی و ھاتنی قەیران بۆ یەکێکیان کاریگەری ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەسەر ئەوانی تریشیان دادەنێت. ئەم کاریگەرییە بە چەشنێکە کابرایەکی سوپەر دەوڵەمەندی وەکو ڕۆپەرت مەردۆخ، بیڵ گەیت ، جۆرج سۆرس و ئەوانی تریشیان لە شوێنی خۆیان پژمەیەک بکەن لەم وڵاتانەی دی، ھەڵامەت بڵاو دەبێتەوە.

لە سایەی دەوڵەتی قەومیدا تەنھا جیاوا‌زییەکە ئەوەیە کە دەوڵەمەندانی خۆماڵی کە چینێکن خۆیان باشتر دەگرن و لە ڕێگای حکومەتی قەومییەوە باشتر دەتوانن لەگەڵ بزنسمان و کۆمپانیا بێیانەکاندا دەست تێکەڵاوبکەن ، بۆ کارئاساییکردن لە دزینی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕوتکردنەوەی ھێزی کاری وڵاتی "ڕزگار بوو". ھەر وڵاتێک بگریت لە جیھاندا لەم بارەیەوە نموونەیەکە، بەڵام با تەنھا باس لە وڵاتی خواروی ئەفەریقا بکەم کە لە خەباتی چەندەھا ساڵی دوورو درێژیدا دژی ڕژێمی نەژادپەرستی پێشوو ، بۆ ھێنانەوەی وڵات و نیشتمانیان بۆ ژێر دەستی خۆیان بە ھەموو سەرچاوە سروشتی و نا سروشتییەکانیەوە.

زۆربەمان ئاگادارین کە چەندەھا ساڵ خەبات کرا ، خوێن ڕژێنرا، سەرکردە بەندکرا، خەڵکی برسی تر و دەربەدەر کرا تا ساڵی ١٩٩٤ کە توانییان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دروستبکەن و دەسەڵات لە ڕژێمی نەژادپەرست بسەننەوە، ئەی سەرئەنجام چی بوو؟ ئایا ئاوات و خەونەکانی خەڵکی ھەژاری ڕەشپێست لەو وڵاتەدا ھاتە دی؟

بێگومان حکومەتێکی قەومی لە ڕەشپێست دروستکرا ، دەوڵەتێک بنیاتنرا ، ھەرە زۆری کادیران و بەرپرسانی
ANC و کەسانی تری بەشداربووی ئەو خەباتە ، جێگاکانیان ھەر لە سەرکردەی دەوڵەتەوە تاکو ھەموو ئیدارە ‌و دەسگە دەوڵەتییەکان و نەقابەکان و نادەوڵەتییەکانیان پڕکردوە. بەکورتی ھەموو دەمووچاوەکان لەگەڵ ڕەنگەکاندا گۆڕان و بەڵام ئەوەی کە یا ھەر نەگۆڕا و بگرە ژیانیشی بەرەو خراپتر ڕۆیشتت یا ژیانی کەمێکیان بەحاڵ گۆڕاوە، ھەر لە شوێنی خۆیانن و دیسانەوە بە تەمەنێکی ترەوە و لەگەڵ نەوەیەکی نوێدا لە دژی حکومەتێکی تر کە خۆماڵییە، دەبێت درێژە بە خەباتیان بدەنەوە کە ئەم خەباتەیان دەیەھا جا‌ر سەختتر و خوێناوی تر دەبێت لەوەی پێشوویان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانقی جیھانی ‌ ناوەڕاستی مانگی جولای ٢٠١٢ دا کۆمەڵگەی خواروی ئەفریقا، ئەو کۆمەڵگەیە نەک لە دوای ساڵی ١٩٩٤ نەگۆڕا بەڵکو یەکێکە لە ھەرە کۆمەڵگەکانی جیھان لە ڕوی نایەکسانییەوە. لە ١٠٪ ئەو خەڵکانەی کە داران و دەوڵەمەندن لە ٥٨٪ داھاتی وڵاتیان لە دەستدایە، لە ١٠٪ی خەڵکە ھەژارەکەی کە لە پەراوێزی کۆمەڵگەکەدایە تەنھا لە ٠.٥٪ داھاتی ئەو وڵاتەیان لە دەستدایە. نەقابەی ناوەندی گشتی ڕێژەی بەتاڵەی لە نێوانی خەڵکە ڕەشەکەی کە لە تەمەنی کارکردندان بە لە ٧٥٪ خەمڵاندووە و لە بەرامبەر لە ٣٥٪ خەڵکە سپییەکە بۆ ھەمان تەمەن. مووچەی کرێکارێکی کانەکان کە لە ھەل و مەرجێکی زۆر نامرۆڤانەدا کار دەکات لە نێوانی ٣٠٠ بۆ ٧٥٠ پاوەندی بریتانییە لە مانگێکدا. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم وڵاتەدا کە نەخۆشی
HIV/Aids یان ھەیە لە بەرامبەر ژمارەی دانیشتوانەکەیدا زیاترە لە ھەموو وڵاتیکی تری ئەم جیھانە. لە دوای دروستکردنی دەسەڵاتی "خۆماڵی، نیشتمانی" ژمارەی خەڵکانی بێخانووبەرە، ژمارەی خەڵکانێک کە بەھۆی ئەوەی نەیانتوانیوە پارەی قائیمەی کارەبا و ئاویان بدەن ، کە سەرئەنجام بێکارەبا و بێئاو ماونەتەوە، زۆر زیاترن تا پێش ساڵی ١٩٩٤.

ئەمە ژیانی زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتەیە کە لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لە ٨٠٪ پلاتینی جیھان کە بەکاردەھێنرێت لە دروستکردنی زێڕو ئاڵتوون و شتی بەھای تردا ، لەوی بەر‌ھەمدەھێنرێت. ھاوکاتیش توێژاڵێکی باشی خەڵکەکەی لە کۆنە بەرپرسانی
ANC و نەقابەکان یەکجار دەوڵەمەند بوون. لە ئێستادا لە ٥٪ کۆمپانیاکانی بۆرسەی جیھانسبێرگ خاوەنەکانیان خەڵکانی ڕەشن. جاکوب زومای سەرەککۆماریش لە ساڵی پاردا ٤.٥ ملیۆن پاوەندی بریتانی تەنھا بۆ تازەکردنەوە و دەستپیاھێنانی نیشتەجێکەی لە دەرەوەی شاردا سەرفکردوە. لە کاتێکدا کە ئەم ھەموو برسێتی و نایەکسانێتی و نادادوەرێتی کۆمەڵایەتی دەبینیت ، سەرت سوڕنامێنێت لەوەی کە بزوتنەوەی جەماوەری دژی حوکمەت و ANC لە برەودایە و خودی ANC ش لە ساڵی ٢٠٠٨ دابوو بە دوو کەرتەوە.

لە نموونەیەکی تردا کە وڵاتێکی کۆنی ناوچەکەیە ‌ کە دەمێکە دەولەتی " نیشتمانی" خۆیان و فەرمانڕەاوی خۆماڵی خۆیانیان ھەیە، کە دەوڵەتی سعودییەیە ، ھەم وەکو یەکێک لە ھەرە دەوڵەتە " نیشتمانییە سەربەخۆکان" و دەوڵەمەنەکانی جیھان و ھەم وەکو دەوڵەتێکی ئیسلامی زۆر بە زەبت و ڕەبتیش ، چەند ئامارێک دەخەمە پێشچاوی خوێنەر:

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییە کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی ٠١/٠١/٢٠١٣ دا ھاتبوو چواریەکی دانیشتوانی ئەم وڵاتە لەژێر ھێڵی برسێتییەوە دەژین کە لە کاتێکدا داھاتی نەوتی ئەم وڵاتە ساڵی پار ٣٠٠ ملیار دۆلاری ئەمەریکی بووە بۆ تەنھا ٢٨ ملیۆن لە دانیشتوان. لە ‌ نێوانی ٢ بۆ ٤ ملیۆنن لە دانیشتوانەکەی داھاتی مانگانەیان تەنھا ٥٣٠ دۆلارە ، کە ڕۆژانە دێتە سەر ١٧ دۆلار ، ھەر لە ھەمان کاتدا داھاتی مەلیک عەبدوڵا بە ١٨ ملیار دۆلار قەبڵێنراوە. سێیەکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە تەمەنیان لەژێر ٣٠ ساڵەوەیە و لە ٤ بەتاڵە ٣ نیان تەمەنیان لە ٢٠ کاندایە. ئەمە واقیعی ئەو وڵاتەیە کە ھەتاکو ساڵی ٢٠٠٢ ش نکوڵی لە حەقیقەتی ھەبوونی ھەژاری و بێکاری کراوە. لەو وڵاتەدا سیستەمی باج لەسەر خەڵکی دەوڵەمەند نییە، ئەوەی کە لەوێ ھەیە دانی زەکاتە کە خەڵکە ھەرە دەوڵەمەندەکەش وەکو خەڵکانی تر تەنھا لە ٢.٥٪ی داھاتیان دەبەخشن.