الثلاثاء، 5 فبراير 2013

گەرچی سەرمایەداریی گومانێکی زۆری لەگەڵ خۆی ھێناوە، هاوکات چەندین گومانیشی رەواندۆتەوە!



زاھیر باھیر      
- بەشی یەکەم -



سەرمایەداریش وەکو سیستەمەکانی پێش خۆی گومانێکی زۆری بە بەشەریەت داوە، گەرچی لە ‌سەرەتادا گرانبوو تاکو خەڵکی لە تەواوی ئەو گومانانە تێبگات و ژیانی خۆی پێوە نەبەستێتەوە، بەڵام لەگەڵ نشوونماکردنی زیاتریدا و پرا‌کتیزەکردنی لە زەمینەی واقیعدا نەک خەڵکی حەقەتی گومانەکانی بۆ دەرکەوت، بەڵکو وردە وردە لە ڕەتکردنەوەیاندایە و بەگژی خوودی سیستەمەکەشدا دەچنەوە.

لە ھەرە گومانە سەرەکییەکانی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسییەکەی بە دیکتاتۆریەت و دیمۆکراسییەت و لیراڵ و نیو-لیبراڵیەوە : سەربەستی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەک نەتەوە و (
One Nation) ھێنانی خێر و خۆشی بۆ سەرجەمی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە و ڕزگاربوونیان لە سیستەمی بەندایەتی و گەلێکی ترن لەمانە. ئەزموونەکانی ڕۆژانەی ئەو سیستەمە ‌و بەرەنگاربوونەوەی ملوێنەھا خەڵکی لەگەڵ خودی سیستەمەکەدا لە سەرانسەری ئەم جیھانەدا، ئەوەمان نیشاندەدەن دروشمەکانی سەرمایەداری بۆیان، جگە لە گومان شتێکی دیکە نەبووەوە نییە.

بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەو نەھامەتییانەی کە ئەم سیستەمە بۆ تەواوی بەشەرییەت و سروشتیشی ھێناوە، خۆشبەخاتانەش لە پرۆسەی زیاتری گەشەکردنیدا بەتایبەت لە ئێستادا کە وەک سیستەمێکی جیھانی بەھۆی سیاسەتی جیھانگیرییەکەیەوە، گەلێک گومانیشی ڕەواندۆتەوە.

من لێرەدا تەنھا باس لەو گومانە سەرەکییانە دەکەم کە لە ڕەواندنەوەدان و چیدی زەمینەیەکی واقیعییان بۆ نەماوەتەوە تاکو خۆیانی لەسەر ڕاگرن . ھەڵبەتە ئەمەش لەسایەی ئەو چڕبوونەوە چینایەتییەدایە، لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا کە ھەر یەکێک لە ئێمەی چ وەکو تاک و پارت و ھەتا ڕژێمیشی خزاندۆتە ناو بازنەیەکەوە ‌و سنوو‌ری خۆی بۆ دیاریکراوە.

گومانی یەکەم دین و مەزھەبە: ھەڵبەتە من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە،‌ کە نکوڵی لە وجودی دین و مەزھەب بکەم، چونکە ئەوە ئاشکرایە ئەم دوانە گەر وەکو کێشە و مەسەلەیەکی سیاسیش نەبووبێتن لە سەرەتادا، ھەمیشە وەکو مەسەلەیەکی ڕۆحی وابوون بۆ تاکەکانی ناو کۆمەڵگە ‌و بۆ پەیوەندییەک لە نێوانی خۆیان و ئەوەی کە ناویان لێناوە خواکانیان، بۆ سەبووریدان بە دڵی خۆیان و گەڕانەوەی ئارام و ئاسایش و دڵنیایی و ھیواو ئومێد بۆ دڵی خۆیان. ھەر کاتێکیش خەڵکی سەربەستی بیرکردنەوە و پراکتیزەکردنی ئەم مافە ئاسایانەی خۆی لێزەوتکرابێت ، بێگومان کێشەو گیروگرفت دروستبووە ‌و چەندھا جاریش توندوتیژی خوێنڕشتنیشی بەخۆوە گرتووە.

بەڵام دین، مەزھەب دەبێتە گومان کاتێک لەو بازنەیەی سەرەوە کە باسم کرد، دەردەکرێت و پارتێکی سیاسی بۆ دروستدەکرێت و ئەجەندەی سیاسی و ئامانجی سیاسی بۆ دادەنرێت و بیر لەوە دەکاتەوە کە ‌ دەسەڵاتی خوا لەسەر زەوی و بەھەشتێک لە جیھانی واقیعدا کە دۆزەخێکە بۆ زۆربەمان، دروستبکات و وشە بە وشەو دێڕ بە دێرو بڕگە بە بڕگەی ئەوەی کە لە کتێبە ئاسمانیەکاندا، ھەیە، یا لە دەمی پەیامنێرەکانەوە درچوون، ھەر ھەمووی بە زیادەوە بەئەنجام بگەیەنرێت و بخرێتەگەڕ. ئیدی ئا ڵێرەوە تەونی جاڵجاڵۆکەی گومان دەتەنرێ و دواتریش وردە وردە ئەو تەونە لە واقیعدا ھەڵدەوەشێتەوە ‌و دەبێتەوە بە گومان.

گەشەکردنی سەرمایەداری چ لە بواری تیوریدا و چ لە بواری عەمەلیدا، دەتوانم بڵێم بۆچوون و تێڕوانینی دینیانەی ھەڵوەشاندۆتەوە و گومانی تری لە جێگادا داناوە. چاوخشاندنێک بە ھەموو ئەو داھێنانەی کە سەرجەمی زانستەکان لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا ، کە پێویست ناکات ناونوسیان بکەم ، بەدەستیانھێناوە ، حەقیقەتێکە ‌و نکوڵییان لێناکرێت. ھەر ھەموو ئەمانەش بە ئاشکرا پێگە ‌و ڕێگەی دین و ئاینەکانیان ، بەتایبەت ئاینی موسڵمانانیان ، لاواز کردوە و بەڵگە ‌و شاھیدێکی وایان بەدەستەوە نەھێڵاوە،‌ کە توانا و وزە ‌و ئیمکانیات و بەستنەوەی ھیوا و ئومێد و ڕودانی کارەساتە سروشتییەکان و بەشەرییەکانیش، سەرچاوەکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ کەسێک ، ھێزێک ، کە لە دەرەوەی دونیای مەوجووددا خۆی حەشار داوە ‌و خاوەنی ئەو ھێزەیە کە دەتوانێت ھەموو شتێک بکات و بەئەنجامی بگەیەنێت.

لە ھەمان کاتێشدا زەمانە لە واقیعی ژیانیشدا ، ئەو ھەل و کاتەی بۆ نوێنەرانی موسڵمانان ، کە پارتە سیاسیاکانن بە ھەموو جۆرەکانیانەوە، ڕەخساندووە کە بڕوا و بەرنامە و ستراتیجییەتی خۆیان ، لە ھەندێک شوێندا ،( من لێرەدا ناگەڕیمەوە بۆ ئاینی موسڵمانان لە سەردەمی ئەمەوییەکان و عەباسییەکان و ێەفەوییەکان و عوسمانییەکان، زیاتر باس لە دین دەکەم لەسەردەمی چڕبوونەوەی کاپیتاڵیزم دا) کە ماوەیەکی گەلێک دوور و درێژە بەتایبەت لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابوردووە تا ئێستاش، کە فەرمانڕەوایی وڵاتانێکن و نوێنەرایەتی خوا و خەلیفەی ئیسلامن، لەو شوێنانەدا.

گەرچی ئەم نوێنەرانە چ لە دەرەوەی فەرماڕەوایی و چ لەسایەیدا باوەڕی تەوایان بەجێبەجێکردنی بەرنامەکەی پێش گەیشتن بە کورسی فەرمانڕەواییان ، ھەیەو دەیانویست یا دەیانەوێت بە ھەموو وردوو درشتێکیەوە، جێگیری بکەن و بیسەپێنن بەسەر وڵات و کۆمەڵگەکەدا، کەچی ئێستا بە ئاسانی ھەستی پێدەکەن کە لە چ جەنگێکدان چ لەناوخۆی وڵاتدا و ھەروەھا لە سەر ئاستی " کۆمۆنێتی نیودەوڵەتی" ش بۆ سەپاندنی ئەوەی ک پێشتر ئیدیعا و ڕێکلامەیان بۆ دەکرد و بۆدەکەن.

ئەمەش کە بۆیان ناکرێت نە لاوازییان نیشاندەدات و نە خوازیاریشن لە پاشەکشەکردن لە بیروباوەڕیان، بەڵکو بەھێزی خوودی سیستەمەکەیە ‌و ھێزی ناڕەزایی خەڵکییە، کە ڕێگرە لە ئەدادانی ئەوەی کە ئەو نوێنەرانە دەیانەوێت.

کاپیتاڵرم وەکو سیستەمێکی جیھانی کامیل بەھەموو دەسگە و ئیدارەکانییەوە کە ھاتۆتە ناو ھەموو کون و کەلەبەرێکی ژیانمانەوە ، بۆ ئیسلام کارێکی مەحاڵە بتوانێت سیستەمێکی ئیسلامی پوخت (نقی) یا ھەتا جیاش لە سیستەمی مەوجود ، بەو بەرنامە کۆنە زیاد لە ھەزار ساڵییەوە کە ھەیەتی دروست بکات. ھاوکات ڕەنگە ئەمە ئاسان بێت بۆ کۆمۆنێتیەک یا کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بناغەی ئیدارەکردنی زاتی خۆیان و پێکەوە ژیانی دەستە جەماعی و ژیانی کۆمۆنەیی و بێ ھەبوونی ئیدارەیەکی بیرۆکراسی و بێ پشتبەسستن بە پارە و پێداویستییەکانی تر کە بە پارە پەیدادەکرێت و کە لە دەرەوەی خۆیانە،‌ بەدەستبھێنرێت، ئەمە کارێکی ئاسان بێت، بەڵام ئەزموونەکان و ڕوداوەکانی پێشوو ئەمانەی ئێستاش، سەلماندی بۆ ئیسلام و دینی ئیسلامی جا لە ھەر بستێکی ئەم زەمینەیەدا بێت، ئەمە کاری کردە نییە و مەحاڵە.

دروستکردنی ئیدارەیەکی بیرۆکراسی، قوتکردنەوەی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ھەر شێوەیەکدا بێت ھەر میکانیزمێکی بەڕێوەبردنی ھەبێت، بورغویەکی بچوک دەبێت لە ماشێنی گەورەی کاپیتاڵیزم یا ئەوەتا دەبێت سلاک بێت یاخود دەبێت لەگەڵ ئەوانی تردا بەردەوامی بدات بە سوڕانی ماشێنەکە و کێبڕکیە چینایەتییەکە خەستتر بکاتەوە .

ئەزموونەکانی ئێران و ئەندەنوسیا و مالیزیا و تورکیا و وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئەوانەشی کە بە " بەھاری عەرەبی" بەتایبەتی لە میسردا، ناسراون، نەک ھەر بە تەنھا ئەوەی سەلماند کە گومانە،‌ بەڵکو ناوەرۆکی کێشەکەشی بە تەواوی خستە ڕوو ، کە مەسەلە ئاینی و دینییەکە تەنھا ڕووکەش و توێکڵی مەسەلەکانن و جەوھەری کێشەکان چینایەتیە. ھەربۆیەش جێگای سەرسوڕمان نییە کە لە سایەی ھەر یەکێک لەو حکومەتە ئیسلامیانەدا ئەوەی کە زیاتر دەرکەوتوە چڕبوونەوەی مەسەلە چینایەتییەکەیە، خزمەتکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمەکە ‌و سەرمایەداری جیھانییە، پەیڕەوکردن و چەسپاندنی سیاسەتەکانی دەسگە دراوییەکانی جیھانی و بانقەکەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و "کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی" یەو ڕێزگرتن و پەیڕەوکردنی یاساکانی سەرمایەدارییە لە زیادکردن و قوڵبوونەوەی نەبوونی ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤ و نادادوەرێتی کۆمەڵایەتیدا. گەر تەماشای ھەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک لە میسر بکەین کە لە ڕۆژی ١٦-١٧/١٢/١٢ لەلایەن (مۆرسی)یەوە، کە ھەندێک پێداویستی ، بەرێژەی لە ١٠٠٪ دەبوایە بچوایەتە سەرەوە لە بەرامبەر قەرزپێدانی میسر بە بڕی ٤.٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکی ‌ لەلایەن ێندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە ، باشترین بەڵگەن بۆ قسەکانی سەرەوە.

١٢\١\٢٠١٣ - لەندەن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق