الثلاثاء، 5 فبراير 2013

گه‌ڕان به ‌دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا.١



دانییل غیرین                                                                                                       و: لە عەرەبییەوە سەلام عارف

٣- خۆبه‌ڕێوه‌بردن.٢





سەرەتای ساڵی ١٨٤٨ مارکس و ئینگلس (مانیفێستی کۆمونیست)یان داڕشت، ئەو دەمە، بەر لە شۆڕشی (شوبات February) ئەوان بۆ "قۆناغی گواستنەوەی درێژخایەن" لە بەناوەندیکردنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنان لە چنگی دەوڵەتدا، ھیچیتریان پێشنیار نەکرد، ئەو بیرکردنەوە دەسەڵاتخوازییەشیان لە ھزری (لوی بلان Louis Blanc)ەوە سەرچاوەیگرتبوو، ھزری ئەویش، ھیچ نەبوو لەوە زیاتر، کە ئەبێت ھەموو کرێکارانی (مانیوفاکتۆر Manufacture)ەکان و (سەپان)ەکان، لە سوپا پیشەسازییەکاندا ڕێکبخرێن، دژی ئەو دەوڵەتخوازییەش (پرۆدۆن) ‌ھزری (دژە دەوڵەتخواز antiétatique)ی ھورووژاند.

شۆڕشی شوبات لە (پاریس) و (لیۆن) خۆبەخۆیی (ھاوبەشییە کرێکارییە)کانی خوڵقاند، بەلای (پرۆدۆن)ەوە ئەو جۆرە بەڕێوەبردنە خۆبەخۆییەی بەرھەمھێنان، زۆر بەنرختر بوو لە (شۆڕشی سیاسی) چونکە "حاڵەتێکی شۆڕشگێڕان)ە بوو، واتە دەستکردی ئەم ھزر و ئەو ھزر نەبوو، وەڵامی بانگەوازی مەزەبچیەکانیش نەبوو، وزەی ھەنگاوی یەکەمیشی لە دەوڵەتەوە بۆ نەھاتبوو، بەڵکو بەرھەمی خەباتی جەماوەر خۆی بوو. (پرۆدۆن) ھانی کرێکارانی ئەدا، زیاتر خۆیان ڕێکبخەن، بەری ئەو جۆرەی ڕێکخستنی بەرھەمھێنانەی خۆیان بەرفراوانتر بکەن، تا سەرانسەری کۆماری بگرێتەوە، سەرەتا خاوەندارییە گچکەکانی بواری پیشەسازی و بازرگانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و دواتریش دەستبەرداری دامەزراوەکان و سەرمایەگوزارییە زەبەلاحەکانیش (کانگاکان، ئامرازەکانی گواستنەوە) نەبن و کارووبارەکانیان گرێبدەن بە خۆبەڕێوەبردنی ھاوبەشییەکانەوە.

ئەم سەردەمە ھەندێک کەس، لە ھزری (پرۆدۆن)دا تەنھا ھەڵوێستە ساویلکە دژە ئابورییەکەیان دەبینی، کە باس لە ھێشتنەوەی دامەزراوە پیشەیی و بازرگانییەکان گچکەکان دەکات، لەڕاستیدا ھزری (پرۆدۆن) لەو بوارەدا، دووفاقە (پرۆدۆن) خۆی لەخۆیدا دژایەتییەکی زیندوو بووە، لەلایەک دژی سەرچاوەی ستەم و چەوسانەوە بووە، واتە دژی خاوەندارێتی بووە، لەلایەکی ترەوە بەرگری لە خاوەندارێتی گچکە کردوە، بەڵام بەو مەرجە، کە سەربەخۆیی کەسی پارێزراوبێت. (پرۆدۆن) ھەندێ کجار ھاوبەشیەکان و خۆبەڕێوەبردنە گچکەکانی تێکەڵکردوە. (باکۆنین) بەرگری لە (پرۆدۆن) دەکات و ئەو قسەوقسەڵۆکانە بە قسەوقسەڵۆکی نەزۆک و لەبارچوو دەزانێت، ئەوانە لە ئی‌نتەرناسیۆنالیزمی یەکەمدا، ھەندێک ھزری (پرۆدۆن)یان کردبووە داردەستی خۆیان، تا بتوانن بیرۆکەی خاوەندارێتی بخەنە جێگەی ھاوبەشخوازی، گوایە ئەوە ھزر و خواستی (پرۆدۆن) بووە، بەڵام ئەوانە نەیانتوانی بەرگەی بەڵگەکانی (باکۆنین) بگرن و ھەر زوو پەشیمان بوونەوە بایاندایەوە بۆلای بەرەی کۆمەکخوازی.

‌ھێندەش، کە پەیوەندی بەوانەوە ھەبوو، کە خۆیان بە ‌(ھەرەوەزیکاران
coopérative) پێناسەدەکرد، ئەوانە بە نابەدڵی و نیوەناچڵ خاوەندێتی کۆمەکیان ڕەتدەکردەوە، ئەو ڕەتدکردنەوەیەشیان، لە ئەقڵیەتی تاکپەرستی جوتیاری فەرەنسیەوە سەرچاوەیگرتبوو، ئەوانە بەرگریان لە خاوەنداری کۆمەکی دەکرد، بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، دەربارەی خۆبەڕێوەبردنیش ، لەبواری پیشەسازیدا، ئەوانە بە نھێنی داوایان دەکرد، لەبەرئەوەی لەلایەک ئەترسان و دڵنیا نەبوون لە بەرەی ھاوبەشکاری (باکۆنین) لەلایەکی ترەوە، لە ترسی بە دەوڵەتکردنەکەی مارکسیەکان.

(پرۆدۆن) ڕیالیست بوو، لەگەڵ ئاڕاستەی سەردەمەکەیدا ئەڕۆیشت، باشئەیزانی، کە تازە کار لەکار ترازاوە ‌و پاشەکشێ مەحاڵە، ئەو تا ئەو ڕادەیە ڕیالیست بووە و وتوویەتی "ساویلکەیی پیشەسازی گچکە، ھیچی کەمتر نییە لە ساویلکەیی کشتوکاڵی گچکە" پیشەسازی زەبەلاحی نوێ، پێوویستی بە کارگەرانی زۆر و تەکنیکێکی پێشکەوتوو ھەیە. (پرۆدۆن) ھێندە کۆمەکخواز بووە وتوویەتی "چارێکی دی نییە، پێوویستە لە داھاتوودا پیشەسازی و کشتوکاڵی زەبەلاح لە مناڵدانی ھاوبەشیدا لەدایک ببن" ئەو بەقین بوو لەو جۆرە کەسانە، کە ئەمیان بە دژە تەکنیک تاوانبارئەکرد.

ھەڵوێستی کۆمەکخوازی (پرۆدۆن) خۆی لەخۆیدا، ڕەتدکردنەوەی دەوڵەتخوازی بوو، لەناوبردنی خاوەندایەتی دانەئەبڕی لەو ناوەڕۆکە، کە کۆمونیزمی دەسەڵاتخواز بەخشیبووی بە کۆمەکخوازی، ئەو ناوەڕۆکەی بە داپڵۆسین و چەوسانەوە دەزانی (پرۆدۆن) پێکەوە گونجاندنی کۆمەکی و خاوەنداریەتی لە ھاوبەشییەکاندا دەبینی، واتە دژ بەوە بوو، کە ئامرازەکانی بەرھەمھێنان بە دەست دەوڵەت، یان کۆمپانیا سەرمایەدارەکانەوە بن و بەڕێوەیان بەرن، بەڵکو ئەبێت بەدەست ھاوبەشییەکانەوە بن، تەنھا بەو جۆرە ھێزی کۆمەکخوازی لەژێر دەستی سەرمایەگوزاران دەرئەھێنرێت. (پرۆدۆن) بەشێوازێکی بەیانی
٣ نوسیویەتی "ئێمە بەرھەمھێنەرانی ھاوبەشخواز، لە قۆناغی ھاوبەشیدا پێوویستمان بە دەوڵەت (...) نییە، بەڕێوەبردنی کاروبارەکانمان لەلایەن دەوڵەتەوە چەوسانەوەیە، چونکە ھەر خاوەنداریەتی و کاریکرێگرتەیە، ئێمە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤە ڕەتدەکەینەوە، سۆسیالیزم دژی شێوازی حکومەتییە، ئێمە گەرەکمانە ھاوبەشییەکان (...) ببنە ھەوێنی فیدرالییەتێکی بەرفراوانی ھەموو دامەزراوەکان و کۆمپانییەکان و ببنە بنەمای پەیوەندییەکی کۆماری دیموکراتیی کۆمەڵایەتی"

(پرۆدۆن) بەرلەوەی بچێتە ناو باسی وردەکارییەکانی خۆبەڕێوەبردنی کرێکارییەوە، ھەندێک بنەمای سەرەکی دیاریئەکات:

- ھەر کەسە بە بەشێک ھاوبەشی کەلوپەلەکانی دامەزراوەکانە.
- ئەبێت ھەموو کەسێک بەشداریبکات لە کارە قورس و پیسەکاندا.
- ئەبێت ھەموو کەسێک بە زنجیرەیەک کار و ئەرک و پلەی ھەمەچەشندا تێپەڕێت، تا بۆی ببێتە سەرچاوەیەک، ئەوە جگە لەوەی، کە ئەبێت ھەموو کرێکارێک بە زنجیرەیەک خولی پیشەسازیدا تێپەڕێت، لەو جۆرە خولانە، کە پەیوەندیان ھەیە بە کارەکەیەوە.
- ئەبێت فەرمانەکان ئیختیاری بن و بە (ھەڵبژاردن) بن، بەپێی پەیڕەوی ناخۆی ھاوبەشیەکان.
- ئەبێت مووچەکان ڕێژەیی بن، بەپێی سروشتی فەرمانەکان و گرنگی بەرپرسیاری، ئەبێ ھەر کەسێکی ھاوبەش بڕێک لە قازانجی بەربکەوێت، کە گونجاو بێت لەگەڵ خزمەتکارییەکانیدا.
- ئەبێت ھەر کەسێک ئازاد بێت و ئارەزوومەندانە پەیوەندی بکات بە ھاوبەشییەکانەوە، یان وازبھێنێت.

(پرۆدۆن) جەخت لەسەرئەوە دەکاتەوە، کە پێویستە تەکنیکزانەکانی بواری پیشەسازی و بازرگانی ڕابکێشرێن بۆ ناو ھاوبەشییەکان.

ئەو بیروبۆچوونە ئازادیخوازییە دەربارەی خۆبەڕێوەبردن، تەواو دژی پڕۆژەی مەرسومە باوکایەتی و دەوڵەتییەکەی (لویس بلان
Louis Blanc) بوو، کە لە ‌١٥ی ئەیلولی ١٩٤٥دا لە کتێبی (ڕێکخستنی کار L’organisation du travail)دا خستبوویەڕوو، بۆ دامەزراندنی ھاوبەشیەکان، لەژێر سێبەری باڵەکانی دەوڵەتدا، ئەو بەو جۆرە دەسەڵاتخوازییە پێشبینی قازانجەکانی کردوە:

٢٥
٪ پاڵپشتی و دانی سەرمایە.
٢٥
٪ پاڵپشتی فریاکەوتنی میللی.
٢٥
٪ پاڵپشتی یەدەگی (احتیاط).
٢٥
٪ بڕی دابەشکردنی کرێکاران.

(پرۆدۆن) ھەرگیز بەڕێوەبردنی وەھای نەویستوە، بەبیروبۆچونی ئەو نابێت "کرێکاران ملکەچی ھاوبەشی دەوڵەتی" بن، بەڵکو ئەبێت خۆیان دەوڵەت بن، ھاوبەشیەکان (...) خۆیان ئەتوانن، ھەموو چاکسازیەک بکەن بەبێ دەسەڵات، ئەتوانن دەسەڵات داگیربکەن و ملکەچی بکەن. (پرۆدۆن) گەرەکیەتی لە (ھاوبەشیە)کانەوە بەرەو حوکم بڕوات، نەک بە پێچەوانەوە.

(رۆدۆن) جەخت لەسەر سڵکردنەوە ‌و بەئاگابوون دەکاتەوە، تا کەس نەکەوێتە داوی خەو و خەیاڵی سۆسیالیستە دەسەڵاتخوازەکانەوە، چونکە ئەوان ئەڵێن دەوڵەت ئەتوانێت خۆبەڕێوەبردنی ئازاد دابین بکات، ئەوان درۆزنن، چۆن دەوڵەت ئەھێڵێت لە پاڵ ناوەندێتییەکەی خۆییدا، بارەگاکانی (ڕێکخراوە)‌ دژەکان بەخۆی ھەبن؟
(پرۆدۆن) پێشبینی ئەوەیکردوە، کە "‌ لەپاڵ ئەو ھێزە مەزنەدا، کە ناوەندێتی دەوڵەت ھەیەتی، ھیچ ، بە دەستپێشخەری، بە خۆبەخۆیی، بە جموجۆڵی سەربەخۆی تاکەکان ئەنجامنادرێت".

لێرەدا ئەوە ئەھێنێت، دەستبخەینە سەرئەو شتە، کە بیروڕا و تێگەیشتنی دەوڵەتی و ئازادیخوازیی دەربارەی خۆبەڕێوەبردن، جیاوازن و دژ بەیەکن، ئەو مەسەلەیە، واتە مەسەلەی خۆبەڕێوەبردن، لە کۆنگرەکانی ئی‌نتەرناسیۆنالی یەکەمدا، زیاتر لە جارێک ھێنراوەتە گۆڕێ و تاوتوێکراوە، لە کۆنگرەی (لۆزان)دا ساڵی ١٨٦٧ لەسەر پێشنیاری بڕیاداری بەلجیکی (سیزار دو پاپ
Sésar de Paepe) گوترا، ئەبێت دەوڵەت "ببێتە خاوەنی ئەو دامەزراوانە، کە خۆماڵی (تڕمیم) ئەکرێن" لە وەڵامی ئەوەدا ئازادیخواز (شارل لونغی Charle Longet) دەڵێت چاکە، بەڵام بەو مەرجە، کە ئێمە ئەوە دیاریبکەین، کە دەوڵەت کۆمەڵێک ھاونیشتمانیین، ھەندێک فەرمانبەر وزەبەخشی بەرژەوەندییەکانیان نیین، واتە نابێت ئەو فەرمانبەرانە ئەو بەرژەوەندیانە بەڕێوەببەن (...) ئەبێت بەڕێوەبردن، بەڕێوەبردنێکی کرێکاری بێت، ساڵی دواتر واتە ساڵی ١٨٦٨ لە (برۆکسل) جارێکی دی باسی ئەو مەسەلەیە ھێنرایەوە گۆڕێ و وردتر باسی لێوەکرا، ھەمان بڕیارداری بەلجیکی وتی "کۆمەڵگە دەبێتە خاوەنی کۆمەکییەکان، ئەو خاوەندارییە ئەداتە دەست ھاوبەشییەکان کرێکاریەکان، بەو چەشنە دەوڵەت فیدرالیەتی (یەکێتی) توێژە کرێکارییەکان دەبێت، ئەو تەرحە بڕیاردرا، بەڵام بەو مەرجە ئەو ڕوونکردنەوەیە تۆمار بکرێت "ئەو گەشبینی و خۆشباوەڕیەی، کە (پرۆدۆن) ساڵی ١٨٤٨خستیەڕوو دەربارەی خۆبەڕێوەبردن، واقع بەرپەرچی دایەوە پوچەڵ دەرچوو.

(پرۆدۆن) دوای چەند ساڵێک دەستیکرد بە چاوپیاداخشانەوە ‌و ڕەخنەگرتن لە ھاوبەشییە کرێکاریەکان، کە خەووخەیاڵێکی ساویلکە بوو، یۆتۆبی بوو، قوڕ بەسەرو و خەستەی ، کەمی یان نەبوونی تاقیکردنەوە بوون، وایان لێھاتبوو وەک خاوەنکاری کۆمەکی کاریان دەکرد، کەوتبوونە داوی پلەوپایەکاری باڵادەستی و زۆرەملێکارییەوە، ھەموو زیادەڕۆییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەناویاندا کەڵەکە بوبوو، جگە لەوە داڕزاوی دەستی ناتەبایی و خیانەتی بەڕێوەبەران بوون، بەڕێوەبەرەکان بەرەو دونیای (کار و بەرژەوەندییە)کان ملی ڕێگەیان گرتبوو، بەمەبەستی دروستکردنی دامەزراوەکان، دواتر خۆیان وەک خاوەنکارە بۆرژوازیەکان ڕەفتاریان دەکرد، ھەر ئەوەش بوو وایکرد، کە ھاوبەشییەکان بکەونە سەر کەڵکەڵەی دابەشکردنی بەرھەمەکان، ئەو ھاوبەشییە کرێکاریانە ، کە ساڵی١٨٤٨ دروستبوون دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بە ھەزار شەڕە شەق بیست دانەی مایەوە.

بەرامبەر بەو ئەقڵییەتە تایبەتە تەسکە (پرۆدۆن) پێشنیاری (پێکھاتەیەکی کۆیی، جامعیا تولیفیا
unerselle synétique) دەکات، بەواتەیەکی دی داوای ئەوە دەکات، کە ئەرکی داھاتوو، تەنھا کۆکردنەوەی چەند کرێکارێک نابێت لە دامەزراوەکاندا، بەڵکو "دروستکردنەوەی ئابوری نەتەوەیی٣٦ملوێنی" دەبێت.

کارکردنی ھاوبەشییەکان بۆ ھەمووان دەبێت "نەک بۆ چەند کەسێک" خۆبەڕێوەبردن بەپێویستبوونی "پەروەردەکاری تایبەت " فەرز دەکات، واتە ئەوانەی، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ھاوبەشییەکان ئەگرنە ئەستۆ، تەنھا ئەوانە نابن، کە بە (بەشێک) دەبنە ھاوبەش، ئەبێت ئەوانە لە ڕووی ئەقڵیشەوە ھاوبەش بن، کەسیش بەو ئەقڵیەتەوە لەدایکنەبوە و نابێت، بەڵکو ئەو ئەقڵیەتە دەستئەخرێت، گرنگترین ئەرک، کە دەکەوێتە سەرشانی ھاوبەشییەکان "بەشارستانیکردنی ھاوبەشییەکانە" ھاوبەشییەکان ھەژار و کۆڵەواری دەستی نەبوونی ئەو جۆرە کەسانەن، کە لەناو جەرگەی جەماوەری کرێکارانەوە دێن و شارەزای سەرمایەگوزارین، کەواتە کاکڵەی مەسەلەکە "سەرمایەی کەسەکانە" نەک پێکەوەنانی"تەنێک سەرمایە" سەرەتا (پرۆدۆن) ویستی بە یاسا مافی خاوەندارێتی ببێتە مافێک لە مافەکانی ھاوبەشییەکان، بەڵام پاشان ئەو چارە (تایبەتەی
particulariste)ی ڕەفزکرد و جیاوازی نێوان (بەدەستەوەبون - الحیازە possion) و خاوەندارێتی خستەڕوو، کە ئەوەی دووەمیان ڕەھایە، ئەرستقراتی دەرەبەگی ستەمکارە، ئەوەی یەکەم، واتە (بەدەستەبوون-الحیازە) دیموکراتییە، کۆمارییە، بەرابەرییە، ئەوەش لە (سوود وەرگرتن usufruitaire)(٤) دا خۆی حەشارداوە، کەلوپەلەکان- کێڵگەکان- کارگەکان- ئامرازەکان- لاقە ناکرێن و مامەڵەیان پێووە ناکرێت، بەڵکو بەرھەمھێنەران، ئەوانە وەرئەگرن وەک مافە فیۆدیالیە ئازادەکان، کوتوومت وێنەی جەرمانیە دێرینەکان، بۆیان نییە ببنە خاوەنیان، کەواتە خاوەندارێتی دەبێتە خاوەندارێتی ھاوبەش، ئەو خاوەنداریەش خاوەندارییەکی فیدرالییە نادرێت بە دەوڵەت، بەڵکو دەدرێت بە کۆی بەرھەمێنەرانی فیدریالییە کشتوکاڵی و پیشەسازییە بەر فراوانەکان.

(پرۆدۆن) دوای چاوپێداخشانەوە، دەربارەی پاشەڕۆژی ئەو خۆبەڕێوەبردنە دەڵێت، کە "بەلاغەیەکی بێسەمەر نییە، بەڵکو پێویستییەکی ئابوری و کۆمەڵایەتییە، ئەو کاتە، کە نزیک دەبێتەوە، ئیتر ناتوانیین بەبێ ھەلوومەرجە (
٥) تازەکان ڕەوبکەین (...) پێویستە چینەکان لە ھاوبەشییە بەرھەمھێنەرەکاندا بتوێنەوە "ئایا خۆبەڕێوەبردن سەرئەکەوێت؟" چارەنوسی ھەموو کرێکاران بەستراوە، بە وەڵامی ئەو پرسیارەوە ‌(...) گەر وەڵامەکەی پۆزەتیڤ بێت، ئەوا دەروازەی دونیایەکی نوێ دەکرێتەوە بەڕووی مرۆڤایەتیدا، گەر وەڵامەکەش نێگەتیڤ بێت، ئەوا پرۆلیتاریای جیھان نائومێد ئەبێت.
_______________________________________________________
پەڕاوێز: ١. بەشی دووەم لە کتێبی (من العقیدة الی الممارسة - دانییل غیرین). ٢. بابەتی سێھەمی (بەشی دووەم) ئەو کتێبەیە. ٣. شێوازی بەیانی سیاسی، یان پرۆگرامی - و-ع. ٤. usufruit وشەیەکی یاساییە، مانای سوودلێبینین دەگەیەنێت، یان مافی بەکارھێنان، بۆ نمونە مافی بەکارھێنانی (کێڵگە) و چنینەوەی بەرھەم بەبێ مافی ھەڵسووکەوت پێکردنەوە، ئەو ھەڵسوکەوتپێکردنە دەگەڕێتە بۆ خاوەنەکەی - و-ع. ٥. بەبیروبۆچونی، لۆجیکی ئەو جۆرە بەڕێوەبردنی ھاوبەشییە کرێکاریانە، لە ڕووی تیۆرییەوە ئەقڵانییە و ماقوڵە، لەو بوارەدا، ئەوە ئەقڵانی نییەو ناماقوڵییە، کە بەبێ ئامادەبوونی ھەلومەرجە بابەتی و خۆییەکان پەلەپەل و دەستوبرد بکرێت لە دروستکردنییدا - و-ک.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق